٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ڤیان بۆ KDP: لەمەودوا پەرلەمان بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەمەودوا پەرلەمان درێژە بە کۆبوونەوەکانی خۆی دەدات و کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەش گرنگ بوو، چونکە پەرلەمان لەمەودوا بە ئەرکی خۆی وەکو یاسادانان و چاودێری هەڵدەستێت.

دەشڵێ، رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر بنەمای سازان و هاوبەشی و هاوسەنگی بۆ هەموو لایەنەکان باشە، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆکان بەردەوامن.

د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراق گرنگییەکی زۆری هەبوو و کردنەوەی دەرگایەک بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەست پێبکەنەوە، چونکە رۆڵی ئێمە وەکو پەرلەمان گرنگە، هەم لە ڕووی یاسادانان و هەمیش چاودێریکردنەوە، چونکە چەند مانگ بوو پەرلەمان پەک خرابوو و ئێستا جارێکی دیکە کۆبوونەوەکانی دەست پێدەکاتەوە".

سەبری گوتیشی: "ئەمە سەرەتایەکی گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، کە توانیمان جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرین، چونکە نەدەکرا پشتگوێ بخرایە، بۆیە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "لەمەودوا پەرلەمانی عێراق بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت، هەم بۆ یاسادانان و هەمیش بۆ چاودێریکردن، کە ئەمە دوو رۆڵی گرنگی پەرلەمانی عێراقن و ئەرکی ئەوانە جێبەجێی بکەن".

دەشڵێ: "لە ئێستادا شاندەکانی دانوستانکار بەردەوام دانیشتن و گفتوگۆ دەکەن بۆ تەواوکردنی بەرنامەی حکوومەت، کە ئەوە زۆر گرنگە و پێویستە ئەو رێککەوتننامەیەی نێوان حیزبەکان لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و هاوسەنگی و جێبەجێکردنی دەستوور بێت، کە ئەوە بۆ هەموو عێراق باشە و بۆ لایەنەکانیش بە هەمان شێوە".

 

بڵند ئیبراهیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار