نەتەوە یەكگرتووەكان داوای وەستاندنی دەستبەجێی بۆردومانەكانی ئێران دەكات

هەولێر-KDP.info- نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) راگەیێندراوێکی لە بارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "پێویستە دەستبەجێ ئەو هێرشانە بوەستێندرێن".
رۆژی چوارشەممە 28ی ئەیلوولی 2022، یۆنامی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی لەسەر هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دیپلۆماسیەتی مووشەکباران، دەرئەنجامێکی وێرانکەری دەبێت."
لە درێژەی پەیامەکەیدا یۆنامی دەڵێت: "عێراق و هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ بێت، ئەو تێڕوانینە رەتدەکەنەوە کە وەکو 'حەوشەی پشتەوەی' ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و تێیدا دراوسێکان بە شێوەیەکی رۆتینی و هەڕەمەکی سەروەرییەکەی پێشێل بکەن. دیپلۆماسییەتی مووشەک کردەوەیەکی بێباکانەیە و دەرئەنجامێکی وێرانکەرانەی هەیە. پێویستە دەستبەجێ ئەم هێرشانە بوەستێنرێن."




