کاری زۆر باش بۆ پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ کراوە

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بۆ پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری باشی کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کۆمەڵێک کەموکووڕیمان هەیە و بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن .
گولستان باقی سلێمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەمساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی بۆ وەزارەتی پەروەردە دابین کرد بۆ ئەوەی پێداویستیی خوێندن دابین بکرێت و پەرتووکی چاپ کرد و ئێمەش بەدواداچوونمان کردووە و تا ڕادیەکی باش پێداویستی بۆ قوتابخانەکان دابین کراوە، بەتایبەت دابینکردنی پەرتووک.''
باقی سلێمان ڕوونیشی کردەوە: ''سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەکان نۆژەن کراونەتەوە، بەتایبەت لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، چونکە کێشەی کەمیی قوتابخانە و تێکچوونی قوتابخانەمان هەیە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بۆیە بەردەوام کار دەکرێت و کاری باش کراوە و کەموکووڕییش هەیە و ئێمە بەردەوامین لە پێشکەشکردنی داواکاری، بۆ ئەوەی زیاتر کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان پێش بخرێت.''
بڵند ئیبراهیم




