"لە مەخموور پێشمەرگە کێوماڵی ژمارەیەک گوندی کرد"

پێشمەرگە ئۆپەڕاسیۆنێکی بۆ لەناوبردنی داعش لە مەخموور ئەنجام دا و ژمارەیەک گوندی سنووری قەزای مەخموور کێوماڵ کران، سەرچاوەیەکیش لە مەخموور ئاشکرای کرد، تەنیا چارەسەر بۆ کۆتاییهاتنی داعش لە مەخموور گەڕانەوەی پێشمەرگەیە.
ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ کێوماڵکردنی ژمارەیەک گوندی سنووری مەخموور ئۆپەڕاسیۆنێکی ئەنجام دا و بەدوای چەکدارانی داعشدا گەڕاون لە سنووری پێنج گوندی مەخموور بۆ دڵنیابوونی ھاووڵاتییان لە ھەبوونی چەکدارانی داعش لەو سنوورە."
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە قەزای مەخموور بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چەکدارانی داعش بەھۆی ھەبوونی بۆشاییی ئەمنی دزە دەکەنە ناو گوندەکانی مەخموور و ھێزە عێراقییەکان توانای کۆنتڕۆڵکردنی رەوشی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی داعشیان نییە، بەتایبەتی ژمارەیەک گوند دەکەونە ھێڵی تەماسی نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان."
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "خەڵکی ئەو گوندانە دڵنیا نین لە ژیانی خۆیان و داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن، چونکە ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆن تەنیا بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکەیە و داعش دەتوانێت دوای ئۆپەڕاسیۆن بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، لەبەر ئەوەش تا پێشمەرگە بەتەواوەتی لەو سنوورانەی مەترسییان لەسەرە جێگیر نەکرێت، مەترسیی داعش ھەر دەمێنێت لەسەر خەڵکی ئەو سنوورە."
قائید میرۆ




