کامیل قەزاز: کارەبا دەکرێتە کارت و سیستەمەکە وەک تاقیکردنەوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردن

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد، خراپیی کارەبا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ چاککردنەوەی وێستگەی خۆرمەڵە دەگەڕێتەوە و دەشڵێت، پلان ھەیە کارەبا بکرێتە کارت و وەک تاقیکردنەوە لە ھەولێر و دھۆک دەستی پێ کردووە.
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کێشەی نۆژەنکردنەوەی وێستگەی خۆرمەڵە کاریگەریی لەسەر کەمبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا ھەبووە، بەڵام لە دوێنێوە پرۆسەی چاککردنەوەی لە خۆرمەڵە کۆتاییی ھاتووە و ٢٥٠ مێگاوات کارەبا گەڕاوەتەوە ناو تۆڕی نیشتمانی، ئێستا ڕەوشی کارەبا ئاسایییە، بەڵام بەھۆی مانەوەی پلەی گەرما بە بەرزی ھێشتا بارگرانی لەسەر کارەبا ھەیە، بەتایبەتی لە ڕۆژدا ھاووڵاتییان پێویستیان بە ئامێری فێنکەرەوە ھەیە.''
بریکاری وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: "پلانی وەزارەتی کارەبا ئەوەیە سیستەمی پری پەید جێبەجێ بکرێت، کە ھاوشێوەی کارتی مۆبایل ھاوبەشانی کارەبا بەکاری دێنن، پڕۆژەکە وەک تاقیکردنەوە لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر و بازاڕی دھۆک دەستی پێ کردووە، ئەوانەی سیستەمی پری پەید بەکار دێنن دەتوانن لێیان بپرسن چەند سوودی ھەیە و نرخی کارەباش کەمتر لەسەریان دەکەوێت.''
کامیل قەزاز ڕوونی کردەوە: "ئەگەر سیستەمەکە سەرکەوتوو بێت و لەگەڵ کۆمپانیا گەیشتینە ڕێککەوتن، ئەوە ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران وەردەگرین بۆ ئەوەی لە ھەموو کوردستان جێبەجێ بکرێت، چونکە سیستەمەکە کاریگەریی ھەیە لەسەر ڕەوشی کارەبا و خەرجی کەم دەکاتەوە و داھات زیاد دەکات.''
قائید میرۆ




