٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆشیار سیوەیلی: سەرۆکی هەرێم وەکوو سەرۆکی وڵاتێک بانگهێشتی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنی بەریتانیا کرابوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەروەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنی بەریتانیادا بە شێوەیەکی فەرمی زۆر گرنگ بوو و وەکوو سەرۆکی وڵاتێک بانگهێشت کرابوو و بەشداریی کرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان بەهێزە و بەریتانیاش گرنگیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدات.

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەروەی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار سیوەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا بە شێوەیەکی فەرمی یەکجار گرنگە بۆ بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنی بەریتانیادا کە ڕێوڕەسمی بەخاسپاردنەکە لە چوار بەش پێک دەهات و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە هەرچواریدا بەشداریی کرد، ئەمەش دەرفتێک بوو بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاوی بە زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان بکەوێت، ئەگەرچی دەرفەتەکان کورتیش بن.''

هۆشیار سیوەیلی گوتیشی: ''سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاکە سەرکردە بوو لە هەموو عێراق بەشداریی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژنی بەریتانیا کرد، کە بەریتانیا زۆر گرنگە و وەکوو سەرۆکی وڵاتێک بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم کراوە و چەند جۆرە میوانێک بانگهێشتی ڕێوڕەسمەکە کرابوون، لەوانە خزمی شاژن و ئەوانەی دیکە بانگهێشتی سەرۆکی وڵاتان بوو و سەرۆکی هەرێمیش وەکوو سەرۆکی وڵاتێک بانگهێشت کرابوو، جگە لە گرنگیی سیاسی و دیپلۆماسی، دەرفەتێکیش بوو چاوی بە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بکەوێت.''

سیوەیلی ڕوونیشی کردەوە: بەریتانیا مێژوویەکی کۆنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پەیوەندیی توندوتۆلیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991 کە بەریتانیا ناوچەیەکی ئارامی دروست کرد، لەو کاتەوە پەیوەندییەکان هەن و لەم دواییانە بەریتانیا زیاتر گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدات و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و عێراقیش هەیە، چونکە وڵاتان گەر بیانەوێت سەقامگیری لە عێراق دروست بکەن بەبێ هەرێمی کوردستان دروست نابێت، بۆیە گرنگیی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدەن و گرنگیدانەکە لە داهاتوودا زیاتر دەبێت، چونکە پێگەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرنگە.

گوتیشی: بوونی سەرۆکی هەرێم لەو ڕێوڕەسمە دەرفەتێکی گرنگە، چونکە وڵاتانی دیکە دەبینن کە هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستدا بانگهێشت کراوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا گرنگیدانی بەریتانیایە بە هەرێمی کوردستان، بۆیە پێگەی هەرێمی کوردستان زیاتر بەهێز دەبێت و دەکرێت سوود لەو دەرفەتانە وەرگرین و هەرێم بچێتە ئاستێکی دیکەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

 

بڵند ئیبراهیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار