٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەلاح مستەفا له‌ KDPیه‌وه‌ گرینگی بانگێشته‌که‌ی بەریتانیا بۆ نێچیرڤان بارزانی ده‌خاته‌ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

بەریتانیا-KDP.info- راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بانگێشتکردنی جەنابی سەرۆکی ھەرێم مانای توند و تۆڵی پێوەندییەکانی کوردستان و بەریتانیا دەگەیەنێت و بەگرنگییەوە دەڕواننە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.

فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کۆچی دوایی شاژنی بەریتانیا رووداوێکی مێژووییە لەبەر ئەوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵ خاوەنشکۆ شاژنی بەریتانیا بوو، بۆنەیەکی گرنگ بوو بەرنامەیەکی تێر و تەسەل داندرابوو، ئەو بانگھێشتانەی بۆ وڵاتان کرابوون پێوەندی نزیکیان لەگەڵ بەریتانیا ھەیە و بەشداری رێوڕەسمی ماڵئاوای و ئەسپەردەکردنی شاژنبن".

فەلاح مستەفا گوتی: "بانگێشتکردنی جەنابی سەرۆکی ھەرێم مانای توند و تۆڵی پێوەندییەکانی کوردستان و بەریتانیا دەگەیەنێت، بەگرنگییەوە دەڕواننە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، زۆریان پێخۆشبوو جەنابی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش بەشداردەبێت، لە رێوڕەسمەکەدا و ھەروەھا بۆ ئێمەش گرنگ بوو لە بۆنەیەکی وا و گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەشداربیت".

مستەفا گوتیشی: "جگە لە بەشداریکردنی لە پرسەکە و تۆمارکردنی پرسەنامە لە تۆماری پرسە، دەرفەتێکیش بوو لەگەڵ سەرکردە و ڕێبەرانی جیھان بەشداربێت، دوێنێ ئێوارە خاوەنشکۆ شای بەریتانیا لە رێوڕەسمێکی پێشوازیدا ھەموو سەرکردە و ڕێبەرانی جیھان بەشداری بانگێشتکرد بۆ کۆشکی شاھانە".

راوێژکارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەشڵێ: "لە مەڕاسیمەکەدا دەرفەت ھەبوو سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ خاوەنشکۆی نوێی بەریتانیا گفتوگۆی ھەبێت ھەروەھا لەگەڵ شازادە ولیام و بەرپرسانی تری بەریتانیا وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ و وەزیری دەرەوە گفتوگۆ بکات".

ھەروەھا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و پاشایی ئوردن و جێنیشینی کوێت و میری قەتەر و پاشایی بەحرێن و سوڵتانی عومان و ئیمپڕاتۆری یابان دەرفەتی گفتوگۆی ھەبوو لەگەڵ ئەم سەرکردە و پاشایانە، دوێنێش دەرفەت ھەبوو لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن گفتوگۆ بکات، ھەروەھا ژمارەیەک لە بەرپرسانی تر لە چوارچێوەی ئه‌و مەڕاسیمەدا ڕێبەر و سەرکردەی وڵاتانی جیھان پێکەوە بوون دەرفەتێک بوو لە نزیکەوە پێکەوە گفتوگۆیان ھەبێت نەک دیداری دووقۆڵی و تایبەت، فەلاح مستەفا وای گوت".

ناوبراو ھێمای بۆ ئەوەشکرد: "ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و لە ھەموو سەردانەکانی سەرۆکی ھەرێم بۆ وڵاتی بەریتانیا ئاڵای کوردستان ھاوشانی ئاڵای ئەو وڵاتە لە پێشوازیدا ھەڵکراوە، وە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە و وەزیرەکاندا ئاڵای کوردستان بوونی ھەبووە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار