٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسێکی کورد: لە سنووری دیالە سەپاندنی دەسەڵات کاریگەریی لەسەر پێگەی کورد کردووە

سەرچاوە: KDP.info

دیالە -KDP.info- بەرپرسێکی کورد لە سنووری پارێزگای دیالە ئاشکرای کرد، پێشتر کورد لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەنگی زۆر بوو، ژمارەیەک نوێنەری ھەبووە لە پەرلەمان و دەشڵێت، بەھۆی تەعریب و ئەو دەسەڵاتەی بەزۆر سەپاندوویانە، ئێستا کورد پێگەی لاواز بووە و ناتوانن نوێنەریش بنێرن.

عامر ڕەفعەت، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری حەوزی حەمرین کە ناوچەکانی خانەقین و سەعدیە و جەلەولا و جەبارە لەخۆ دەگرێت و لەلایەن ھەندێ گرووپی میلیشیاوە بەڕێوە دەبرێن و ھیچ دەسەڵاتیان بۆ حکوومەتی ئەو شوێنانە نەھێشتووەتەوە، ھێزێکی زۆر لە ناوچەکە جێگیر کراوە و ھەرچی لەدەستیان دێت بۆ تەعریب و دەرکردنی کورد جێبەجێی دەکەن.''

ئەندامەکەی پیشووی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە گوتی: "لە ترسی گرووپە توندڕەوەکانی حەشدی شەعبی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی سنووری ماددەی ١٤٠ ئاوارە بوون و لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بەبێ لێپرسینەوە خەڵکی کورد دەستگیر و شوێنبزر دەکرێن.''

عامر ڕەفعەت ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەھۆی پرۆسەی تەعریب و سەپاندنی دەسەڵاتی بەزۆر کورد لە سنووری پارێزگای دیالە پاشەکشەی کردووە و لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی عێراقدا کورد ژمارەیەکی بەرچاو نوێنەری ناردووەتە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێستا پێگەی کورد لاوازە و ھیچ لایەنێکی کورد ناتوانێت نوێنەر بنێرێتە پەرلەمان.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار