تا ئێستا پێنج هەزار کوردی ئێزدی بۆ قەرەبووکردنەوە ناویان نووسیوە

مووسڵ -KDP.info- جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتی، ناونووسین و دروستکردنی مامەڵە بۆ ئەو کوردە ئێزدییانەی زیانیان بەر کەوتووە و دەبێ قەرەبوو بکرێنەوە، دەستی پێ کردووە و تا ئێستا 5 هەزار کەس ناوی نووسیوە و بەپێی قەبارەی زیانەکان قەرەبوو دەکرێنەوە، چەند زیانیان بەر کەوتبێت هێندە قەرەبوو دەکرێنەوە.
جێگری پارێزگاری مووسڵ، ڕەفعەت سمۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تا ئێستا 5 هەزار کوردی ئێزدی مامەڵەیان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، کە تازە مامەڵەکانیان پێشکەش کردووە و لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە پێک هاتووە''.
ڕەفعەت سمۆ گوتیشی: ''قەربووکردنەوەکە بەپێی ئەو زیانە دەبێت کە بەریان کەوتووە و جۆراوجۆرە؛ هەیە ئۆتۆمبێلی فەوتاوە و هەشە خانووی تەقێندراوەتەوە و هەیە باڵەخانەی تەقێندراوەتەوە، بۆیە قەرەبووکردنەوەکە بەپێی زیانەکانە، کە هەیە 100 ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێتەوە و هەشە چوار ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێتەوە، بۆیە لیژنەکە بڕیار لەبارەی زیانەکانەوە دەدات.''
بڵند ئیبراهیم




