سەرۆکایەتی پەرلەمان لیژنەی یاسایی راسپاردووە ئامادەکاری بکهن

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتی، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لیژنەی یاسایی راسپاردووە بۆ ئەوەی ئامادەکاریەکان بۆ دەستوور بکرێت و ھەموو لایەنەکان و حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمیش لەگەڵ ئەوەدان ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، بۆیە یەکەم کاری پەرلەمانی کوردستان لەدەستپێکی وەرزی نوێیی یاسادانان دەستووری ھەرێمی کوردستان بووە، چونکە دەستوور ھەموو کێشەکان چارەسەر دەکات.
مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لیژنەی یاسایی لە دھۆک بوون و ۆرکشۆپێک ھەبوو بۆیە تائێستا کاریان لەسەر دەستوور نەکردووە و بڕیارە حەفتەی داھاتوو لەبارەی دەستوور کار بکەن کە لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راسپێردراون و لەیەکەم کاری پەرلەمانی کوردستان لەوەرزی نوێی یاسادانان لەگەڵ ئەوەدابووین خاوەن دەستووربین و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمیش لەگەڵ ئەوەدان خاوەن دەستووربین، چونکە دەستوور رێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆشایی یاسایی نامێنێت و ھەموو لایەنەکان و داموودەزگاکانیش پابەندی دەستوور دەبن".
مونا قەھوەچی گوتیشی: "ئامادەکاری بۆ دەستووری ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەگەر نیەتیش ھەبێت لەم وەرزەی یاسادانان دەستوور ئامادە دەبێت، چونکە ھەموو لایەک جدین لە سەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، ھاوکات سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لیژنەی یاسایی راسپاردووە بۆ ئەوەی پێشنیازە یاسایەک ئامادەبکەن لەبارەی چۆنیەتی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان و لەو پێشنیازە یاسایە باسی ھەموو وردەکاریەکانی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان دەکرێت و نوێنەی ھەموو فراکسیۆنەکانیش لە ئامادەکردنی پێشنیازەکە دەکەن".
بڵند ئیبراھیم




