بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک: سوپرایزی باشمان بۆ خەڵک دەبێت

دهۆک-KDP.info- لەم مانگەدا دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار لە پارێزگای دهۆک بەڕێوە دەچێت.
د. خهیرى عهلى ئۆسو، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ''ساڵی ڕابردوو پێشانگایەکی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزارمان بەڕێوە برد، ئامانجمان گەیاندنی خزمەتی زیاتر بە پارێزگای دهۆک بوو، بڕیارە ئەمساڵ دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار لە دهۆک بەڕێوە بچێت''.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک گوتیشی: ''لە ڕێکەوتی 27/9/2022ی کاتژمێر 5:00ی ئێوارە دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار لە دهۆک دەکرێتەوە و چەندین کۆمپانیای هەرێمی کوردستان و عێراق و دەرەوەی عێراق تێیدا بەشدار دەبن و لەو پێشانگایەدا سوپرایزی باشمان بۆ خەڵک دەبێت''.
گوتیشی: ''لە دەستپێکی ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردووە و هەموو هەوڵی ئێمە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی بەردەوامە''.
ڕامان وریا




