٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەی یەکەی ٨٠: ھێشتا داعش مەترسییە بۆ سەر عێراق

سەرچاوە: KDP.info

فەرماندەی ھێزەکانی ٨٠یی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاشکرای کرد، سەرەڕای تێکشکاندنی داعش لەڕووی بەرەیییەوە، ھێشتا مەترسیی بۆ سەر عێراق ماوە و دەڵێ، ئێستا رێکارەکانی دروستکردنی دوو فیرقەی نوێی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە.

لیوا نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی ٨٠ی پێشمەرگە لە میانەی گوتارێکیدا بە بۆنەی کۆتاییھاتنی خۆلێکی پێشمەرگەوە کە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان تێیدا ئامادە بوو، ڕایگەیاند: "ھەرێمی کوردستان لە بەردەم چەندین ئالنگاریی ڕاستەقینەدایە، کە ھەڕەشەن لەسەر بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی ئێمە لە ناوچەکەدا، لەبەر ئەوەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر ھەڕەشەیەک پێویستە لەشکرێکی بەھێز و ڕێکخراومان ھەبێت بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی و ناسنامەی نەتەوەییمان."

فەرماندەی ھێزی ٨٠ی پێشمەرگە گوتیشی: "داعش بە شێوازی بەرەیی تێک شکاوە لەسەر دەستی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان، بەڵام ھێشتا مەترسییە لەسەر عێراق و ناوچەکە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جگە لە مەترسییەکانی داعش چەندین ھەڕەشەی ھاوشێوەی داعش ھەن و داوا لە ھاوپەیمانان دەکەین، بەتایبەتی ئەمەریکا پاڵپشتیی زیاتری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات، ئەویش بە چەک و تەکنەلۆژیای سەردەم".

لیوا نەجات عەلی ڕوونی کردەوە: "ئێستا پەیوەندی و ھەماھەنگییەکی باش لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقدا ھەیە، بەڵام جگە لەو چەند ھەنگاوەی ماوەکانی ڕابردوو لە نێوان پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، ئەم ناوچانە پێویستیان بە چارەسەری سیاسی و یاسایی و ئیداری ھەیە، لەبەر ئەوەی ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو بەڵگەن بۆ ئەوەی لە توانای ھێزە عێراقییەکاندا نییە بەتەنیا ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە دابین بکات."

لیوا نەجات عەلی داوای لە حکوومەتی عێراق کرد پەلە بکات لە پێکھێنانی ھەردوو لیوای ھاوبەش، بەپێچەوانەوە ڕەوشی ئەو ناوچانە زیاتر تێک دەچێت و دەشڵێت: "سەرۆک بارزانی پشتیوانی لە پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە دوو فیرقەی نوێ بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە دروست بکرێن".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار