٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"گوندەکانی ئیدارەی سۆران ئاوەدان دەکرێنەوە"

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا تێ دەپەڕێت و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێ، دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی سەربەخۆ چەندین پڕۆژەی ستراتیژی خراونەتە واری جێبەجێکردن و پلان ھەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵێکە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستبەکار بووە و دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی خستووەتە بواری جێبەجێکردن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا پڕۆژەکان ڕاگەیاندران و ٦٠%ی چوونەتە واری جێبەجێکردن، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی کە جووتسایدی سپیلک- خەلیفان بوو بەردی بناغەی دانرا.''

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ئیدارەی سۆران دەشڵێت: "بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ کاریگەریی لەسەر بووژاندنەوەی سنوری سۆران ھەبووە، لەبەر ئەوەی جگە لە پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان سۆران پێویستی بە ڕێگای سەرەکی ھەبووە لەو چوارچێوەیەدا چەندین ڕێگا دەکرێنە جووتساید وەک ڕێگای حاجی ئومەران و ڕێگای سیدەکان و ڕێگای سۆران-رواندز و چەندین ڕێگای دیکەی ناوچەکە ھەمووی دەکرێنە جووتساید.''

ھەژار حەکیم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حەوت بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە سۆران کراونەتەوە و کارئاسانی بۆ ھاووڵاتیان کراوە و ڕوتین کەم کراوەتەوە، پلانێکی دیکەی ئیدارەی سۆران گەڕاندنەوەی خەڵکە بۆ گوندەکان تا وەبەرھێنان لە زەویی کشتوکاڵیی گوندەکانیان بکەن، یەکێک لە ئامانجەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەوەیە گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار