٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکخستنی نێوماڵی کوردی دەستکەوتی دەرەوە مسۆگەر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، هەرکاتێک لە ناوخۆمان یەکدەنگ بووین، دەستکەوتی دەرەوەمان زیاتر بووە، بۆیە گرنگە یەکدەنگ بین، بەتایبەت پارتی و یەکێتی و ئێستاش پارتی بە هەموو شێوەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئامادەیە، چونکە دواکەوتنی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باش نییە.

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی عەونی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''یەکخستنی ناوماڵی کوردی دەستکەوتی دەرەوە مسۆگەر دەکات، بۆیە ئەگەر ئێمە لە ناوماڵی خۆمان ڕێک کەوین، دەتوانین لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ بەرنامەیەک دابنێین کە چۆن مامەڵە بکەین، بۆیە گرنگە ئێمە کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین و کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، کە مافی خەڵکە و پێویستە حزبەکان بێنە پێش و ئەوەی هەیە پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و هەوڵ دەدات حزبەکانی دیکە بیانوو نەهێننەوە و بێنە پێشەوە، ئینجا  یاسا بگۆڕن، یاخود سیستەم بگۆڕن، پارتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە.''

عەلی عەونی گوتیشی: ''زۆر گرنگە بەتایبەت پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێککەوتن، کە دوو حزبی ڕیشەدار و کاریگەرن و بڕیاری سیاسی لە دەست هەردوولایەندایە و ڕێککەوتنی هەردوولا ئاشتی و هێمنی لە ناوخۆ دروست دەکات و دەتوانن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و لەسەر ئاستی عێراقیش یەکدەنگ بن، چونکە ئەو ماوەی یەکدەنگ بووین دەستکەوتی باشترمان بەدەست هێناوە.''

عەونی ڕوونیشی کردەوە: ''پێویست بوو مانگی 10 هەڵبژاردن بکرێت و کۆمسیۆن بە لایەنی کەمەوە شەش مانگی پێویستە، کەواتا هەڵبژاردن لە وادەی خۆی ناکرێت، بەڵام پێویستە ئەوەی کێشەی و ئاستەنگە بۆ هەڵبژاردن نەمینێت و مەرج نییە مانگی 11 یاخود 12بێت، گرنگ ئەوەیە کە بکرێت، لەبەر ئەوەی بۆ ئێمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و شەرعیەتی حکوومەت باش نییە و پابەندیبوونی ئێمە بە پرۆسەی دیموکراسی و کاری پەرلەمانی دەکەوێتە بەردەم پرسیار و بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان باش نییە.''

 

بڵند ئیبراهیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار