٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه‌‏

سەرچاوە: KDP.info

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/9/14 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى په‌رله‌مانتارانى پارتى (‏SPD‏)ى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا به‌ ‏سه‌رۆكاتیى به‌ڕێز نیڵس شمید كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێز وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، ‏په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ركى هێزه‌ ‏ئه‌ڵمانییه‌كانى چارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏دۆخى سیاسیى عێراق، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئابوورى و چالاكییه‌كانى كه‌رتى ‏تایبه‌ت، پرسه‌كانى دیموكراسى، مافى مرۆڤ و ئازادییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ ‏كران.‏

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كردوه‌ كه‌ داعش له‌ عێراق و سووریا هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ‏ڕاسته‌قینه‌یه‌ و بۆ له‌نابردنى تیرۆر، عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێویستییان به‌ هاریكاریى ‏و پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، بۆیه‌ هیواى خواست په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا له‌ ئۆكتۆبه‌رى داهاتوودا ‏بڕیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌ركى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بدات.‏

به‌ڕێزیان سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاریكاریى مرۆیى و سه‌ربازیى ئه‌ڵمانیا بۆ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ‏بره‌ودان به‌ دامه‌زراوه‌كان و دیموكراسى و به‌ره‌وپێشبردنى بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ و ئازادییه‌كان، ‏پێویستیان به‌ یارمه‌تیى ئه‌ورووپییه‌كان هه‌یه و ده‌توانن له‌مباره‌وه‌ هاوكار بن.‏

وێڕاى ده‌ربڕینى پێزانینى وڵاته‌كه‌یان بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌ له‌ ‏تێكشكاندنى داعش، شاندى میوان سه‌رسامیى خۆیان به‌ پێشكه‌وتنه‌كان و ئاوه‌دانیى هه‌رێمى ‏كوردستان نیشان دا و خۆشحاڵیى خۆیان ده‌ربڕى كه‌ دواى تێكشكاندنى تیرۆر، پرۆسه‌ى ‏ئاوه‌دانى و وه‌به‌رهێنان ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ دۆستایه‌تى و هاوبه‌شیى ‏ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئارامى و سه‌قامگیریى عێراقیان بۆ ‏ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌ گرنگ زانى.‏

هه‌ماهه‌نگیى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ‏دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏


 

هەواڵی پەیوەندیدار