٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستی چەند پڕۆژەیەکی لە پارێزگای دھۆک کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ-KDP.info- ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی بە یاوەری شاندێکی وەزارەت سەردانی پارێزگای دھۆکی کرد و لەمیانەی کردنەوەی بەشی فریاکەوتنی منداڵان لە قەزای ئاکرێ وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد، خزمەتگوزاری بە یەکسانی دەگەیەندرێتە ھەموو دەڤەرەکان.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا لە شارۆچکەی ئاکرێ رایگەیاند: "ئەمڕۆ چەند بەشێکی گرینک لە ئاکرێ کراونەتەوە لەوانەش بەشی فریاکەوتنی منداڵان، کە یەکێکە لە پێویستیەکانی دەڤەری ئاکرێ و لەمەودوا نەخۆش بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی شارەکانی دیکە ناکرێن و ھەر لە ئاکرێ چارەسەر وەردەگرن، ھاوکات لەنێو فریاکەوتنی منداڵانی ئاکرێ چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرێن و تەنانەت بەشی چاودێری چڕیش کراوەتەوە".

د. سامان بەرزنجی ڕوونیکردەوە: "یەکێک لە ئامانجەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستیە بەشێوەیەکی یەکسان بۆ ھەموو ناوچەکان، لە دوو ساڵی رابردوو لە رێگەی وڵاتانی دۆست و رێکخراوەکانی ناوخۆ و بیانی دەیان پڕۆژە ئەنجامدراون، ھەر لە دوو ساڵی رابردوو لە رێگەی رێکخراوی تەندروستی جیھانیەوە بە گوژمەی ٣٠ ملیۆن دۆلار خزمەتگوزاری تەندروستی ئەنجامدراون".

لای خۆشیەوە، حەمزە رەزیکی، گوتەبێژی تەندروستی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "جگە لە کردنەوەی چەند بەشێک لە ئاکرێ ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی تەندروستی لە سنووری پارێزگای دھۆک کراونەتەوە لەوانەش کردنەوەی بەشی تیشک و سۆنار لە ناحیەی قەسرۆک".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار