٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجامدانی پڕۆژەی زۆر ھەلیکاری بەشێوەیەکی بەرچاو لە ھەرێم زیاد کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی سەندیکای کرێکاران ئاشکرایکرد، کە ئەو پڕۆژە زۆرانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیدەدات وای کردووە کە ھەلیکاریش زۆر زیاد بێت، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە و لەبەرژەوەندی کرێکاران دایە، بەڵام پێویستە رێنمایی حکوومەت جێبەجێ بکرێت و رێگە نەدرێت کرێکاری بیانی لە پڕۆژەکان کار بکەن و کرێکاری خۆماڵی کاری پێبکرێت.

حەسەن ڕەمەزان، گوتەبێژی سەندیکای کرێکاران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەھۆی ئەنجامدانی ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی وای کردووە کە ھەلیکار لە ھەرێمی کوردستانیش زیاتر بێت، چونکە چەند پڕۆژە ئەنجامبدرێت پێویستی بەکرێکار ھەیە، ئەمەش وا دەکات ئەوانەی بێکارن کاریان دەست کەوێت، بۆیە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ھەلیکار بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە".

حەسەن ڕەمەزان گوتیشی: "جگە لەوەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێنمایەکی گرنگی دەرکردووە، کە پێویستە ٧٥%ی کرێکاری پڕۆژەکان ناوخۆیی بن، ئەمەش ھەر لەبەرژەوەندی کرێکاران دایە، بەڵام بەداخەوە لەزۆر پڕۆژە ئەوە جێبەجێ ناکرێت و کرێکاری بیانی کاریان پێ دەکەن، بۆیە ھیوادارین لەجیاتی کرێکاری بیانی کار بەکرێکاری خۆماڵی بکەن".

ناوبراو وتیشی: "تێبینیەکی دیکەشمان ھەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەوانەی لەکەرتی گشتی کار دەکەن زۆرجار لە کەرتی تایبەتیش کار دەکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر ھەلیکار بۆ کرێکاران دەبێت، چونکە ئەوان پیشەی خۆیان لەکەرتی گشتی ھەیە و پێویستە دەرفەت بە کرێکاران بدەن کە ھیچ کارێکیان نیە و ژیانیان لەسەر کرێکارییە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار