٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: قەرز دەدرێتە ئەوانەی نیازی پڕۆژەی کشتوکاڵیان ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- حەفتەی داھاتوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بانکێکی ناوخۆیی یاداشتی لێکتێگەیشتن ئیمزا دەکەن و گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێ، یاداشتەکە بۆ ئەوەیە بانکەکە قەرزی کشتوکاڵی بە دەرچووانی کشتوکاڵ و جووتیاران بدات.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەمەبەستی زیاتر ھاوکاری جووتیاران و دەرچوانی بەشە کشتوکاڵیەکان، بڕیارە حەفتەی داھاتوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بانکێکی ناوخۆیی واژۆ بکات بەمەبەستی پێدانی قەرز بە جووتیاران و دەرچوانی بەشەکانی کشتوکاڵ، کە قەرزەکە تا ١٠٠ ملیۆن دینار دەبێت".

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە: "ھەموو دەرچووانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری و جووتیاران بەپێی ئەو مەرجانەی دیاری دەکرێن سوودمەندبن لەو قەرزە، چونکە ھەر کەسێکە لەوانەی دیاریکراون پڕۆژەیان ھەبێت دەتوانن بەو قەرزە بەڕێوەبەرن".

حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: "مەبەست لەو قەرزە ھاوکاری و ھاندانە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند، زۆر کەس لەوانەیە توانای ھەبێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، بەڵام توانای ماددی رێگربێت و دەتوانێت بەو قەرزە پڕۆژەکەی جێبەجێی بکات، بەتایبەتی ھیچ سویەک ناخرێتە سەر قەرزەکە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار