فازڵ نەبی: حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوێکی گرنگی ناوە لەڕووی ئابووری کە پشت بەخۆی دەبەستێت

ھەولێر-KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی زۆر گرنگی ناوە لە بواری ئابووری، کە دەتوانێت بێ پشتبەستن بە دەرەوە خۆی بەرێوەببات و مانگانە مووچە بدات و خزمەتگوزاریش پێشکەشی ھاووڵاتیانی خۆی بکات.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق، دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناویەتی کە ببێتە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆی و پێویستی بەدەرەوە نەبێت زۆر گرنگ و باشە بەرامبەر بەخەڵکی ھەرێمی کوردستان، کە مانگانە مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆی بدات و پێویستی بەبەغدا نەبێت و جگە لەوەش پڕۆژەش ئەنجامبدات".
دکتۆر فازڵ نەبی گوتیشی: "ئەوە زۆر گرنگە ئەمڕۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەو توانایەی لەڕووی ماددی لەبەردەستی ھەیە بتوانێ خزمەتی ھاووڵاتیانی کوردستان بکات، چونکە بەوشێوەیە بەغداش ناتوانێ وەکو کارتی فشار بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بە بڕینی بوودجە بەکاری دەھێنا، بەڵام زۆر جاریش فشار دەکات چاویان بەھەرێمی کوردستان ھەڵنایە کە دەتوانێت بەوشێوەیە خۆی بەرێوەببات، ھاوکات گرنگە حکوومەتی ھەرێم پشت بە بەغدا نەبەستێت و پشت بەخۆی ببەستێت، لەبەر ئەوەی حکوومەتی ھەرێم ئێستا لەرێگەی چەند ھەنگاوێک خۆی بەرێوەدەبات لەڕووی ئابووریەوە".
بڵند ئیبراھیم




