هەر کاتێک لایەنەکان گەیشتنە ڕێککەوتن ئێمە ئامادەین

هەولێر -KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکات، هەرکاتێک لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردنەوە گەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوانیش وەکوو پەرلەمان ئامادەن ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکەن، چونکە کێشەیان نییە و ئامادەن.
مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''چاوەڕێ دەکەین لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەی خۆیان بکەن و بگەنە ڕێککەوتن لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری هەڵبژاردن، چونکە ئێمە کێشەمان نییە و هەرکاتێک کۆمسیۆنیش ئامادە بێت، ئێمە وەکوو پەرلەمان ئامادەین بۆ هەڵبژاردن.''
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: ''لە دەستپێکی ئەم وەرزی یاسادانانەدا وەکوو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئامادەییی خۆمان نیشان دا کە هەرکاتێک کۆمسیۆن یەکلایی بکرێتەوە و هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، ئێمە ئامادەین، بەڵام هێشتا کۆمسیۆن کارا نەبووەتەوە و بۆشایییە یاسایییەکان پڕ نەکراونەتەوە، بۆیە بەپێویست دەزانین لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن و ئێمە ڕێکارە یاسایییەکان دەگرینە بەر و تەواوی دەکەین بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن.''
بڵند ئیبراهیم




