جگە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقەکان هەموو ئەوانەی دیکە بە هەڵبژاردن دەچنە کۆنگرە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پڕۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی 14ی پارتی لە هەموو ناوچەکان بەردەوامە، هاوکات تەنها ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی لقەکان ڕاستەوخۆ دەچنە کۆنگرە، ئەوانەی دیکە هەمووی بە هەڵبژاردن دەبنە نوێنەری کۆنگرە .
نەجات حەسەن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پڕۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەش، ئەمڕۆ هەڵبژاردن لە کەسنەنەزان و لە سنووری لقی 16ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە دەچێت بە شێوەی هێمن و ئارام و بێ کێشە و گرفت.''
نەجات حەسەن گوتیشی: ''لە ئاکرێ یەک بازنە ماوە هەڵبژاردن تەواو بیت و لە لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک پرۆسەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکرێت و لە کەرکوک هەڵبژاردن لە لقی 3ی پارتی کۆتاییی هاتووە و سبەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکوک هەڵبژاردن دەکات، دواتر پرۆسەی هەڵبژاردن لەو پارێزگایەش کۆتاییی دێت و لە پارێزگای سلێمانییش پرۆسەی هەڵبژاردن بەردەوامە و لە سنووری لقی 12ی پارتییش لە هەڵەبجە هەڵبژاردن بەردەوامە، لە ناوچەکانی سەیدسادق و ناڵپارێز و پێنجوێن و لە ئەورووپاش هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام و باش بەردەوامە.''
حەسەن ڕوونیشی کردەوە: ''ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی مەکتەبە ناوەندییەکانیش لە هەردوو بازنەی مەکتەبی سیاسی و کارگێڕی و داراییی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو کە ئەوە هەڵبژاردنی کادیری مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی کارگێڕی و داراییە، بەڵام ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتی و بەرپرسانی لق ڕاستەوخۆ بەشداری لە کۆنگرە دەکەن بەبێ هەڵبژاردن.''
بڵند ئیبراهیم




