٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگاری نەینەوا: غەدرێکی گەورە لە ناوچە کوردستانیەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوا-KDP.info- بەرپرسێکی کورد لە ئیدارەی نەینەوا ئاشکرایکرد، ناعەدالەتی لە دابەشکردنی بوودجەی ئیدارەی نەینەوادا ھەیە و دەشڵێ، غەدرێکی گەورە لە ناوچە کوردستانیەکان دەکرێت و کەمترین بوودجە بۆ ناوچە کوردستانیەکان تەرخان دەکرێت.

رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ھەر بوودجەیەک بێتە پارێزگای نەینەوا لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوانی پارێزگاکە دابەشی سەر ھەموو یەکە کارگێریەکان دەکرێت، ئەمەش ناعەدالەتی زۆری تێدایە و غەدرێکی گەورە لە ناوچە کوردستانیەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا دەکرێت، چونکە دابەشکردنی بوودجە لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوانە، ئەمەش وایکردووە کەمترین پڕۆژە بۆ ناوچە کوردستانیەکان بچێت، لەبەر ئەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان".

جێگری پارێزگاری نەینەوا گوتیشی: "ناوچە ھەیە زۆرترین خزمەتگوزاری بۆ دابینکراوە، کەچی ھیچ زیانێکی ئەوتۆی بەرنەکەوتووە لەسەردەمی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەڵام دەڤەرێکی وەک شنگال زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەپێچەوانەوە لەبەر ئاوارەیی خەڵکەکەی کەمترین پڕۆژەی بۆ دابینکراوە".

رەفعەت سمۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "داوا لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکەین کار بۆ راستکردنەوەی ئەو غەدرەی دابەشکردنی بوودجە بکەن، چونکە بڕیارە لەچوارچێوەی بوودجەی ئاسایشی خۆراک یەک ترلیۆن و ١٥٠ ملیار دینار تەرخانکراوە و پێویستە پشکی شێر بۆ  ناوچە کوردستانیەکان دابین بکرێت، تا بتوانین زۆرترین پڕۆژە ئەنجام بدەین و دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار