سەرۆکی حکوومەت زۆر جددییە لە تەواوکردنی شوقەکانی کرێنشینان

هەولێر -KDP.info- ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، دوو پێشنیار هەیە بۆ تەواوکردنی شوقەی کرێنشینان، ئەوانیش حکوومەت بودجەی بۆ تەرخان بکات، یاخود بدرێتەوە وەبەهێنەران، بەڵام سەرۆکی حکوومەت زۆر جددییە بۆ تەواوکردنی ئەو شوقانە و چاوەڕێ دەکرێت پێش سەری ساڵ بڕیاری لێ بدرێت.
ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی کوردستان، شوان کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو نۆ هەزار شوقەیەی تەواو نەکراوە کاری جددیی لەسەر دەکرێت و دەرخستەی نوێ و چەند پێشنیارێک کراوە کە حکوومەت بودجەی بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی بدرێتە کەسانی هەژار و کەمدرامەت و ئەگەر ئەوە نەکرا لەڕێگەی وەبەرهێنەران تەواو بکرێت، چونکە پارەیەکی زۆری پێویستە و کەمترینیان 40% تەواو کراوە و هەشە 85% تەواو کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕ بووە، بۆیە هەیە زیانی بەر کەوتووە و پێویستی بەوە هەیە دەرخستەی نوێیان بۆ بکرێت و تەواو بکرێن.''
شوان کەریم گوتیشی: ''سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە زۆر جددین لە تەواوکردنی ئەو شوقانە و بەجدی لەسەر خەتن و هەوڵ دەدەن دەست بە کارەکە بکرێت، بۆیە بەپێی ئەو جدییەتەی سەرۆکی حکوومەت و وەزاەرتی ئاوەدانکردنەوە پێش سەری ساڵ بڕیار لەبارەی ئالیەتی تەواوکردنی بدرێت کە بودجەی بۆ تەرخان بکرێت، یاخود بدرێتە وەبەرهێنەران.''
بڵند ئیبراهیم




