٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان دەخیل بۆ KDP: ئەگەر دەستپێشخەری نوێ لەلایەن سەرۆکەوە ھەبێت دۆخەکە دەگۆڕێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە بارودۆخی ئێستای عێراق دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ناکرێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت.

ڤیان دەخیل، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیەن رێگای دەستووری و یاسایی ببردرێت و گرفتمان نییە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە و دەبێت ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای دەستوور و قانوون بکرێت و گفتووگۆی لایەنە عێراقییەکان بە تویتەر و پۆستی فەیسبووک ناکرێت، دەبێت دانیشتن و گفتووگۆ بکرێت و میساقێک ھەبێت بەوەی کە دەچینە ھەڵبژاردن دەرئەنجامەکانی لەلایەن لایەنەکانەوە قبوڵکراوە یان نا، ھەروەھا دەبێت دەرئەنجامەکان قبوڵ بکرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە ھاوکێشەکەدا بێت نەک دونیا پشت لە عێراق بکات تۆش پێتوابێت شەرعیەت ئەوەیە کە دەتەوێت".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: "ھێشتا دیارنییە لایەنی سەدری بەشداری کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن یان نا بۆ ئەوەی ئەوان بگەڕێنەوە بۆ گفتووگۆکان، واتا دوو رێگا ھەیە یان ئەوەتا بەفشاری دەرەکی یان ناوخۆیی قایل بکرێن بۆ دانیشتن لە کۆبوونەوەکان، ھەروەھا ئەوان چەند مەرجێکیان ھەیە یەکێک لەوانە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کە تا ئێستا ھیچ لایەنێک دژی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەبووە بەڵام ئەمە دەبێت رێچکەی قانوونی بۆ بدۆزرێتەوە و زووتر دەگەنە ئەو ئامانجە".

ھاوکات راشیگەیاند: "سەرۆک بارزانی دەستپێشخەریەکی ھەبوو بەڵام ئەو شەڕەی بەغدای بەسەرداھات، ھەروەھا خۆشمان دەزانین ھەموو دەستپێشخەریەکانی عێراق لە ھەولێرەوە دەردەچێت، بۆیە ئەم دەستپێشخەریەی سەرۆک بۆ ئەم دۆخەی عێراق گرنگە و ئەگەر دەستپێشخەری نوێ لەلایەن سەرۆکەوە ھەبێت دووبارە دۆخەکە ھەمووی دەگۆرێت".

ڤیان دەخیل دەشڵێت: "ئەگەر بەم شێوە عێراق بمێنێتەوە مەترسی دروست دەکات، ناکرێت دۆخەکە بەردەوام بێت چونکە رەنگە ئەو کاتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستپێشخەری بکات تائێستا دەستپێشخەریان نەکردووە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە گەیشتە پێکدادان ئەوان رەنگە دەستپێشخەری بکەن، بەڵام کاریگەری نابێت لەسەر دۆخی عێراق چونکە ئەوە پرسێکی ناوخۆییە".

ناوبراو جەختیش دەکاتەوە: "تا ئێستا بەربژێرمان وەک پارتی بەفەرمیی رێبەر ئەحمەدە، بەڵام دەمانەوێت لەگەڵ یەکێتی بگەینە رێککەوتن لەوبارەوە".

 

كارزان سه‌باح هه‌ورامی

هەواڵی پەیوەندیدار