٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێکی پارتی بەشداری لە کۆنفڕانسی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ئەڵمانیا-KDP.info- پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا کە پاش پازدە ساڵ لە حوکمڕانی ئێستا سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا دەکات، لە کۆنفڕاسی ئەمساڵی حیزبەکەیاندا بە ئامادەبوونی ئەندامانی حیزبی ناوبراو باسی لە گرفتی حوکمڕانی و قەیرانەکانی ئێستای وڵاتەکەی و ئەوروپا و جیھان بەگشتی کرد.

ھۆشیار میرخان بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان چاوی کەوت بە یاریدەدەری سکرتێری پارتی کریستیان دیموکرات و باسی بارودۆخی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستانیان کرد، ھەروەھا پەیوەندی نێوان ھەردوو پارت تاوتوێ کرا، ھاوکات بە ناوی سەرکردایەتی پارتییەوە سوپاسی بەڕێزیان و حکوومەتی ئەڵمانیا کرا بۆ ھاوکاری و پاڵپشتی گەلی کوردستان، ھەر لەمیانەی ئەو کۆنفڕاسەدا نوێنەری پارتی چاوی کەوت بە نۆبەرد  لامێرت، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و بەرپرسی ئێستای دەزگای کۆنراد ئادناوەر و باس لە ھەماھەنگی نێوان دەزگای ناوبراو دەزگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا و بڕیاردرا لە داھاتوودا سەردانەکان بەردەوام بن بەئامانجی ھاوکاری و کاری پێکەوەکردن.

ھاوکات ھەر لەو کۆنفڕانسەدا، ھۆشیار میرخان چاوی بە بەڕێز دانیێڵ گۆنتەر سەرۆکی ھەرێمی شلیسڤیک ھۆڵشین کەوت، ھەردوولا باس لە پەیوەندی دوولایەنەو بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و شلیسڤیک کرا. ھەر لەھەمان رۆژدا ھۆشیار میرخان دیدارێکی ھەبوو لەگەڵ ئارمین لاشێت، سکرتیری پارتی کریستیان دیموکرات و باس لە ڕەوشی ئێستای عێراق و ناوچەکە کرا و بەڕێزیان بە بایەخەوە باسی لە ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی لە گەشە و پێشکەوتنەکانی عێراق و ناوچەکە کرد.

بەشێکی دیکەی کۆنفڕاسی ئەمساڵی پارتی کریستیان دیموکرات پەیوەست بوون بەقەیرانی وزەی جیھانی و شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا کە کاریگەری لەسەر جیھان دروستکردووە، ھەروەھا شەڕی تیرۆر و قەیرانی ئابووری، لەھەمانکاتدا باسی ھەلی کار کرا بۆ گەنجان، بۆ ئەوەی گەنجان لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و ڕێگای پەنابەری و نادڵنیایی نەگرنەبەر، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەوروپا ھاوکاری وڵاتی دیکە بکات بۆ پاراستنی سنوور و گیانی ئەوانەی ڕێگای ژیانێکی باشتر دەگرنەبەر، ھەر لە کۆنفڕانسەکدا پارتی کریستیان دیموکرات باسی لە سیاسەتی دەرەوەی پارتەکەی کرد و داوای ھەماھەنگی زیاتری کرد بۆ ئەوەی بتواندرێت ئاسایشی و سەقامگیری و ژیانێکی شایستە دابین بکرێت، دواتر سەرکردایەتی پارتی کریستیان دیموکرات ئێوارەخوانێکی بۆ میوانانی بیانی ڕێکخستبوو.

هەواڵی پەیوەندیدار