٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پەروەردە: سبه‌ی قوتابخانەکان بەڕووی قوتابیاندا دەکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- دوای سێ مانگ لە پشووی قوتابخانەکان، رۆژی سێشەممە١٣ـی ئەیلوول، قوتابخانەکان بە ئامادەسازییەوە دەکرێنەوە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەو فێرکردنیش دەڵێت، وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان تەواوی ئامادەکارییەکانمان کردووە، سێ رۆژی سەرەتای کردنەوی قوتابخانەکان خوێندن ناکرێت و بەمەبەستی ھۆشیارکردنەوی قوتابیان چەند تەوەرێکی گرنگی پەیوەست بە کۆمەڵگا باسدەکرێت لەلایەن ڕێنماییکاران و مامۆستایانەوە.

رۆژی ١٣ـی٩ـی ٢٠٢٢، دەستپێکی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانە بەڕووی قوتابیان دا، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢ـ٢٠٢٣، لەم بارەیەوە سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ ئامادەکارییەکانی پێشخست، وەک ڕێکخستنەوەی میلاکی مامۆستایان و فەرمانبەران و وەرگرتنی قوتابیان لە قۆناغە جیاجیاکان و تۆمارکردنی قوتابیانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، ھەروەھا بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کارەکانی خشتەی وانەکان و بەشەوانەی مامۆستاکانیان ڕێکخستوەو پلانی ساڵانەی خۆیان ئامادەکردووە، پێدانی فرۆشگای قوتابخانەکان بە تەندەرات دراوە، تێکڕای ئەم ئامادەکاری و پڕۆژانە ئامادەسازییە بۆ خوێندنی ساڵی نوێ، ئەمانە ھەمووی خرایە مانگەکانی ٨،٧،٦ تاوەکوو لەمانگی ٩ ڕاستەوخۆ خوێندن بەشێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو و دەست پێبکات".

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گووتیشی: "جگە لەمانە بۆ ئەمساڵ بە ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، بڕی ٢٠ ملیاردینار دیاریکرا بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆ کڕینی پێداویستی قوتابخانەکان وەک، لاپتۆپ، فۆتۆکۆپی، وایت بۆرد، پرێنتەر، تەنکی سەربان، کورسی دانیشتن، ھاوکات چەند پێداویستێکیتر ئەمانە بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی پێویستی قوتابخانەکان لە١٥ـی٩ کاروانی یەکەمی پێداویستیەکان دەگاتە قوتابخانەکان و تا ٢٠ـی١٠ بۆ ھەموو قوتابخانەکان دابین دەکرێت و بەدەستیان دەگات، ھەروەھا لەبواری نۆژەنکردنەوە بۆ ئەمساڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٤٦ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دیناری دابینکردووە کە ١٣ قوتابخانەی نوێ دروست دەکرێت ٦٠ قوتابخانەی تەواونەکراوی پێ تەواو دەکەین ئەمانە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانن بەدەر لەوە نزیکەی ١٦ ملیۆن پەرتووک ئەمساڵ لە چاپدراوە بۆ قوتابیان کە سەرجەم پڕۆگرامەکانی خوێندن بە چاپی نوێ ئەمساڵ دەخرێتە بەر دەستی قوتابیان ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتەکان ھەمیش ئامادەکارییەکان بۆ ئەمساڵ تەواو بووە".

سیوەیلی دەشڵێت: "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو سێ رۆژی سەرەتا کە دەچن بۆ قوتابخانەکان بۆ خوێندن نیە، بەڵکو بۆ ھۆشیارکردنەوەی قوتابیان لە چەند بابەتێکی نوێ وەک ھەڵمەتێکی نیشتیمانی وەردەگرن لە ڕێی ئەوانەوە بۆ ھۆشیارکردنەوەی خانەوادەی قوتابیان، پێنج تەوەرمان کردۆتە بابەت بۆ ئەم سێ رۆژە، ئەوانیش خراپ بەکارھێنانی ئامێرە تەکنەلۆجیەکان، مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، بابەتی پەنا نەبردن بۆ چەک، بە فیڕۆنەدانی ئاو و پاراستنی ژینگەیە، ئەم چەند بابەتە دەبنە دەستپێکی سێ رۆژی خوێندنی ساڵی نوێ وەک چالاکی لەقوتابخانەکان لەلایەن مامۆستایان و ڕێنماییکاران بابەتەکان دەگوترێتەوە، ھەروەھا چالاکی وەرزشی و ھونەری لە قوتابخانەکان ئەنجام دەدرێن، ھاوکات بەھەمان شێوە لەساڵی نوێ ٢٠٢٣ سەرەتای سێ رۆژی یەکەم ھەمان بابەت دووبارە دەکرێتەوە بەمەبەستی ھۆشیارکردنەوە و لەبیرنەکردنی ئەم بابەتانەی کۆمەڵگا".

سامان سیوەیلی، زیاتر گووتی: "لەبارەی قوتابخانە ناحکوومییەکانەوە، ڕێنماییمان داوە لە سەدا٨٠ـی مامۆستا و فەرمانبەرانیان دەبێت ئەوانە بن دانەمەزراوی حکوومەت نین و سەدا٢٠ـی بۆیان ھەیە مامۆستای دامەزراو دابنێن و پێویستە ببێتە ھەلێک بۆ ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن ھەلی کاریان دەبێت بۆ دابین بکرێ، ئەمە سێ ساڵە ئەم پلانە جێبەجێ دەکرێت، ئەمساڵ پێیدا ھاتینەوە، لە وەزارەتیش لیژنەمان ھەیە سەردانی ئەم قوتابخانە ناحکوومیانە دەکەن و ھەر قوتابخانەیەک پابەند نەبێت سزا دەدرێت".

 

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار