دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت خەڵکێکی زۆر ڕووی لە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کرد

هەولێر - KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، وادەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان تەواو بوو، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەت بڕیاری دا پارەی تاپۆکردنەکە بکرێتە قیست، خەڵکێکی زۆر سوودی لەو بڕیارە بینی و مامەڵەیان پێشکەش کرد.''
نزار مەلا غەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی بە یاسا ماوەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دیاری کرا کە 9/9 بوو و ناکرێت درێژ بکرێتەوە، ئێستا ماوەکە کۆتاییی پێ هاتووە و چیی تر ناتوانرێت خانووەکان تاپۆ بکرێت و لەبەر ئەوەی بە یاسا ڕێک خراوە.''
بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی گوتیشی: ''ئەوەی جێی بایەخە سەرۆکی حکوومەت و ئیدارەی پارێزگای هەولێر بڕیاری دا ئەوەی قیستەکەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت بۆیان بکرێت بە قیست، خەڵک زیاتر بەهۆی ئەو پەیامە چوون بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان، ئەوەی ماویشە ناتوانن تازە خانووەکانیان تاپۆ بکەن.''
گوتیشی: ''لە هەموو هەرێمی کوردستان 300 بۆ350 هەزار خانووی زێدەڕۆ هەبوو، بەڵام جارێ ئامارەکە کۆ نەکراوەتەوە کە چەند کەس مامەڵەی بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکەش کردووە.''
بڵند ئیبراهیم




