جوان ڕۆژبەیانی: ڕەوشی عێراق کاریگەریی کردووەتە سەر ناوچە کوردستانییەکان

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، ئاڵۆزیی ڕەوشی عێراق دەرگای بە ڕووی پیلانگێڕانی تەعریبدا کردووتەوە و دەشڵێت، پەککەوتنی پەرلەمان و پێکنەھێنانی حکوومەت کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ھەبووە.
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەگەڵ نوێبوونەوەی ھەر خۆڵێکی پەرلەمان و حکوومەتی نوێ ئومێدیک دروست دەبێت بۆ ئەوەی کار لەسەر ناوچە کوردستانییەکان بکەن، حکوومەت و پەرلەمانی ڕابردوومان بەڕێ کرد، بەداخەوە ھیچیان بۆ ناوچە کوردستانییەکان نەکرد، لەگەڵ ھەڵبژاردنی خۆڵی ئێستای پەرلەمان ئومێدێکی پەیدا کرد، بەتایبەتیش بەڵێنی زۆرێک لە لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم بوو، بەڵام تێکچوونی ڕەوشی عێراق و پەککەوتنی پەرلەمان کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان.''
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت: "ئێمە وەک پەرلەمان و لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان پلانمان ھەبوو دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەین، بەڵام لەگەڵ تێکچوونی ڕەوشی عێراق ئێستا نازانین دانوستان لەگەڵ کێ بکەین، پەرلەمانی کوردستان ڕاپۆرتی ئامادە کردبوو تا لە خۆڵی ئێستای پەرلەمانی عێراق کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک یاسا بکات.''
جوان ڕۆژ بەیانی ڕوونی کردەوە: "بەداخەوە تێکچوونی ڕەوشی عێراق جگە لەوەی چارەسەرەکانی گەیاندووەتە قۆناغی مەترسیدار، لە لایەکی دیکەوە ڕەوشی ئاڵۆزی عێراق دەرفەتی بە ھەندێ لایەن داوە بۆ ئەوەی زیاتر تەعریب لە ناوچەکە ئەنجام بدەن و دەرگایەکی بۆ خەڵکێک کردووەتەوە، تا زیاتر پیلانی تەعریب جێبەجێ بکرێت، ئێستا تەعریبێکی زۆرتر ڕووی لە ناوچەکە کردووە و شوێنێک نەماوە ئاگاداری ڕەوشی تەعریبی ناوچە کوردستانییەکان بێت.''
قائید میرۆ




