بەرپرسی دەزگای ئەیلوول: پێویستە زیاتر ھاوکاریی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول بکرێت

ئەمڕۆ ٦١ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن تێپەڕ دەبێت و بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گۆڵانیش دەڵێت، ھیوا و ئاواتی پێشمەرگەکانی ئەیلوول یەکگرتووییی گەلی کوردستانە و دەشڵێت، پێویستە زیاتر ھاوکاریی پێشمەرگەی ئەیلوول بکرێت.
عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ، بەرپرسی دەزگای گشتیی ئەیلوول و گوڵان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شۆڕشی ئەیلوول لە کات و ساتێکی زۆر پێویست دەستی پێ کرد، چونکە ئەوکات شۆڤێنییەکانی عەرەب بەربەرەکانێی گەلی کوردیان دەکرد و لە بەڵێنی خۆیان پەشیمان بوونەوە، لەبەر ئەوەیش پێویستی دەکرد وەڵامیان بدەینەوە، بارزانیی نەمر دەستی بە شۆڕشێکی سەرتاسەری کرد و ھەموو چین و توێژەکانیش بەشدارییان لە شۆڕش کرد.
بەرپرسی دەزگای ئەیلوول و گوڵان گوتی: "شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد بەیاننامەی ١١ی ئادار ئیمزا بکات و ددان بە مافی گەلی کورددا بنێت، بەداخەوە دواتر خیانەتیان لە بەڵێنی خۆیان کرد و پیلانیان دژی شۆڕش گێڕا، پێشمەرگەکانی ئەیلوول بەشێکی زۆریان لە ژیاندا ماون و ئاواتەخوازن گەلی کورد یەکگرتوو بێت بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە بۆ ئارمانجی سەرەکی، ئەویش سەربەخۆییی کوردستانە.
لەبارەی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەکانی ئەیلوولەوە عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەوڵێکی زۆرمان داوە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەکانی ئەیلوول باشتر بکرێت، ھەر پێشمەرگەیەکی ئەیلوول لە ژیاندا مابێت مووچەی مانگانەی بۆ بڕاوەتەوە، داوامان لە حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار کردووە لە کاتی پێویست بە ھانای پێشمەرگەی ئەیلوولەوە بێن، بەتایبەتی لە کاتی نەخۆش کەوتنیان چارەسەریان بۆ بکرێت.''
قائید میرۆ




