بڕیارە یاسای ژینگە ھەموار بکرێتەوە و سزاکان توندتر بکرێن

ھەولێر-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پاراستنی ژینگە گوتی، لەئێستادا ھاووڵاتی زۆر باشن بۆ پاراستنی ژینگە ھەم بۆ داربڕین و ھەمیش بۆ ڕاوکردن و بەراورد بەساڵانی رابردوو ٧٠% پابەندبوون بەژینگە زیادی کردووە و ئەوەی سەرپێچیش بکات سزای ماددی دەدرێت بەپێی جۆری سەرپێچیەکە و بڕیارە یاسای ژینگەی ھەموار بکرێتەوە و سزاکان توندتر بکرێن و دادگایەکی تایبەت بە ژینگەش دامەزرێت کە زۆر پێویستە، چونکە دادگاکانی دیکە کاری تاوانی دیکە ئەنجامدەدەن.
فەرماندەی ھێزی پاراستنی ژینگە، عەمید سامی سابر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەئێستادا خەڵک بەراورد بەرابردوو ٧٠%ی پابەندە بەژینگە پارێزی و پێشتر زیاتر داربڕین ھەبوو ئێستا زۆر کەمبووە و لەھەر شوێنێک ببینین داربڕین ھەبێت رێگری دەکەین، بۆیە خەڵک ھۆشیار بووە و ڕاوکردنیش زۆر کەمبووە و تەنھا ھەندێک حاڵەتی ڕاوی کەو ھەیە ئەویش رێگری لێ دەکەین، چونکە ئەوەی ئەو کارە بکات سزای ماددی دەکرێت و ھەندێک رێنمایی لەبارەی سزاکان دەرچووە و ناوە ناوەش رێنمایی نوێ دەردەچن".
فەرماندەی ھێزی پاراستنی ژینگە ڕوونیشیکردەوە: "گرنگی زۆر بەدارچاندن دەدرێت و ئەوەی کارگەیەک دامەزرێنێت پێویستە کۆمەڵێک داربچێنێت و پاراستنی دارەکانیش بەتایبەت لەوەرزی ھاوین زۆر باشە و بۆ ڕاوکردنیش چاودێریەکی باش دەکرێت، بۆیە پاراستنی ژینگە ئێستا زۆر زۆر باشتر بووە لەگەڵ رابردوو و خەڵک خۆی ژینگە دەپارێزێت".
عەمید سامی سابر ڕوونیشیکردەوە: "بڕیارە یاسای ژینگەش ھەموار بکرێتەوە و دادگایەکی تایبەت بەئەو کەسانە دابنرێت کە سەرپێچی ژینگە دەکەن، چونکە دادگاکانی دیکە کاری دیکە ئەنجام دەدەن، بۆیە ئەوە پێشنیاری ئێمە بووە لەبەر ئەوەی ناکرێت بێ دادگا لەخۆتەوە خەڵک بۆ ماوەیەک بگری تا کەیسەکەی یەکلایی دەگرێتەوە یاخود ئەوەی دار باردەکات مۆڵەتی لێ وەرگرێتەوە، بۆیە زۆر رێکار ھەن پێویستن کە لەرێگەی ئەو دادگایەوە بێت".
بڵند ئیبراھیم




