٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی سەرۆکی حکوومەت بەبۆنەی شەست و یەکەمین ساڵڤەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی ، بە بۆنەی ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی :

ئەمڕۆ یادی گەورەترین شۆڕشی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. ئەم شۆڕشە، وەرچەرخانێکی مێژوویی و شۆڕشێکی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازییەکانەوە، بە سەرکردایەتی ڕابەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر.

یەکێک لە گرنگترین و بەهادارترین تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان بوو، کە بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان، دوژمن ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە ڕەواکانی دا بنێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار.

هەروەها گەورەترین شوناسی شۆڕشی ئەیلوول، گۆڕینی ڕاپەرین و خەباتی ناوچەیی بوو بۆ شۆڕشێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستان و دروستکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو لای هەموو هاووڵاتییانی کوردستان.

ئەمڕۆ کە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە پێناو داکۆکیکردن و پاراستنی مافە دەستووری و دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان، کە خەڵکی کوردستان، دەیان ساڵە لە پێناویاندا خەبات دەکات و قوربانییەکی زۆری داوە.

لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی ئەو شۆڕشە مەزنەی گەلی کوردستان دەکەینەوە.

 

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار