وەزیری تەندروستی: دەرمان لە رووی کوالیتی و نرخەوە کۆنترۆڵ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، چاکسازی لە بواری دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و دەرمان لە رووی کوالیتی و نرخەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە میانی بەشداریکردنی لە لوتکەی دەرمانسازیی عێراق/ هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، گوتی: "لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک چاکسازی چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک پێداچوونەوە بە رێنماییەکانی کۆمپانیاکان، کۆگاکردن و جوڵەی دەرمان لە هێنان و بردن، فراوانکردنی پشکنینەکان و زوو بە بازاڕکردنی ئەو دەرامانانەی بۆ پشکنین دێت بۆ ئەوەی دوا نەکەوێت، دەمانەوێت هانی کۆمپانیاکان بدەین کە دەرمان دێننە هەرێمی کوردستان بە رێگەی کوالیتی کۆنترۆڵی بێت".
گوتیشی: "لە هەموو ئەمانە گرنگتر چاکسازیکردن بوو لە جۆری ستیکەری دەرمان، کە گۆڕانکاری بوو لەو سیستەمە لە کاغەزییەوە بۆ سیستەمی بە یەکبەستنەوەی دەرمانخانەکان بە سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە، بۆ چاودێریکردنی کۆدەکان، لە داهاتوودا هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت پێش کڕینی دەرمان هەموو دۆسیەکەی ببینێت و بخوێنێتەوە، کە ئەو سیستمەمە دژە ساختە دەبێت و ئەستەمە جارێکی دیکە بتوانرێت ساختە لە ستیکەری دەرمانەوە بکرێت، هەروەها دەرمان لە رووی کوالیتی و نرخەوە کۆنترۆڵ دەکرێت".
لەبارەی نرخی دەرمان وەزیری تەندروستی، راشیگەیاند: "پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان کراوە، لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان نرخەکان یەکدەخرێنەوە".
ڕامان وریا




