٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری: هێزی پێشمەرگە جێی متمانە و کاریگەرە، بۆیە هاوپەیمانان بەردەوام پاڵپشت و هاوکارین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، هاوپەیمانان بۆیە لە هاوکاری و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامن، چونکە هێزێکی کاریگەرە و جێی متمانەن و تاکە هێزە لە جیهان کە شەڕی پارتیزانی دژی تیرۆر دەکات، بۆیە بەردەوامن لە هاوکاریکردن و چاومان لە هاوکاریی زیاترە، ئەمەش وای کردووە هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو بێت.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هاوپەیمانان بەردەوام هاوکاری هێزی پێشمەرگە بوون لە یەکخستن و دابینکردنی پێداویستیی لۆجستی و چەک و تەقەمەنی و هاوکاریی ماددی و مەشق و ڕاهێنان، بەڵام چەند هاوکار بن هەر کەمە، بۆیە داواکاری بۆ ئەوی هاوکاریی زیاتر بکەن زۆر گرنگە و ئەو داواکارییەی لە هاوپەیمانانیش دەکرێت ئەوەیە کە ئەوانیش لەبەر عێراق ناتوانن هەموو جۆرە هاوکارییەک بکەن، لەبەر ئەوەی ڕێگری دەکەن.''

بابەکر زێباری گوتیشی: ''پشتگیری و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە هێزێکی گەورەیە بۆ پێشمەرگە، چونکە کەم نییە هاوپەیمانان پشتگیریت بکەن و پێشمەرگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قورساییی هەیە و بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە، لەبەر ئەوەی لە شەڕی تیرۆردا هاوپەیمانان بەردەوام لەگەڵ پێشمەرگە هاوکارن.''

زێباری باسی لەوەش کرد: ''جدیات و کاریگەری و بەوەفابوونی پێشمەرگە و ڕاستگۆیی بەرامبەریان وای کردووە کە زیاتر لە هێزە عێراقییەکان گرنگی بە هێزی پێشمەرگە بدەن، بۆیە پێشمەرگە لە هێزەکانی دیکە جیاوازە و 19 ساڵە حزبی بەعس ڕووخاوە، هاوپەیمانان ڕۆژێک لە هەرێمی کوردستان تووشی کێشە نەبوون و هەمیشە جێی متمانە بوون.''

گوتیشی: ''هێزی پێشمەرگە هێزێکی سەربازییە و زۆریش لە شەڕکردن زیرەکن و لە شەڕی تیرۆریش کە شەڕی پارتیزانییە پێشمەرگە زۆر شارەزا و لێهاتووە، چونکە ئەوەی لە جیهان بتوانێت شەڕی پارتیزانی بکات، پێشمەرگەیە.''

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار