٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەجات حەسەن: پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر باش و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا هیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەبووە و تا ناوەڕاستی مانگی داهاتووش بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەو خشتەی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دانراوە.

نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە خشتەمان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە و بەپێی ئەو خشتەیە بەردەوامین لە هەڵبژاردن و دوێنێ لە سەرجەم بازنەکان هەڵبژاردن بەڕێوە چوو بەبێ کێشە و بە سەرکەوتوویی''.

نەجات حەسەن گوتیشی: ''هەڵبژاردنی دوێنێ لە دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی پارتی و لقی ئاکرێ و مووسڵ و دهۆک و چەمچەماڵیش تەواو بوو و لە سلێمانییش لە لقی 4 و لقی 21 کۆتایی پێ هاتووە و ئێستا لە لقی 24ی سەفین هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و لە بازنەی پەرلەمانی کوردستانیش ٩ نوێنەر سەر کەوتن و بازنەی پەرلەمانی عێراقیش دەست پێ کراوە.''

گوتیشی: ''ئێمە بەرنامەی خۆمان داناوە و تا ناوەڕاستی مانگی 10 کۆتایی بە پرۆسەکە دێت و لقەکان ڕەنگە چەند بازنەیەک مابێت و ئەوانەی دیکە هەڵبژاردنیان ئەنجام داوە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە پرۆسەکە بە سەرکەوتویی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت و لە هیچ شوێنێک کێشەیەکی وا نەبووە ببێتە مایەی پەکخستنی پرۆسەکە.''

 

بڵند ئیبراهیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار