وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەو بەرهەمەی بۆ عێراق دەڕوات بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو دەنگۆیانەی عێراق لەبارەی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ڕەتی دەکەینەوە، چونکە بەرهەمەکانی بۆ ئەوان هەناردە دەکرێت و هەموو بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە و هیچی هاوردەکراو نییە و ئێمە زیاد لە پێویستی خۆمان بەرهەمی ناوخۆمان هەیە.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە عێراق بڵاو کراوەتەوە گوایە ئەو بەرهەمەی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان دەڕوات دوو ئەوەندەی ئەو بەرهەمەیە کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت و بە ناوی بەرهەمی ناوخۆوە هەناردە دەکرێت، جگە لەوەش، باسیان لەوە کردووە کە ئەو عەلەفەی بۆ ئەوان دەچێت بە فلتەرەکانی وەزارەتی کشتوکاڵدا ناڕوات، بەڵام ئێمە ئەوە ڕەت دەکەینەوە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێمە لەم وەرزەدا زیاد لە پێداویستیی خۆمانە، بۆیە بەپێی پشتگیریی کشتوکاڵی ناوچەکان ڕەوانەی عێراق دەکرێت و بەرهەمی ناوخۆیە و بۆ عێراق هەناردە دەکرێت و بەرهەمی مریشک و هێلکە و ئالیکیش ئێمە زیاد لە پێداویستیی خۆمان هەیە و بەرهەمەکان بۆ عێراق دەڕوات و هاوردە نییە.''
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: ''ئەوەی ئەوان باسی دەکەن دروستکردنی کێشەیە بۆ بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، چونکە سەربڕخانەکان و کارگەکانی ئالیک بەشێکیان لە عێراق پشتگیری دەکرێن و زۆریان مۆڵەتیان هەیە، بۆیە ئێمە زۆر هەوڵمان داوە لێکتێگەیشتنمان هەبێت و لە ساڵی 2021 لێکتێگەیشتنێکی 13 خاڵیمان ئیمزا کردووە لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و ڕێک کەوتووین و زۆر جار لیژنە هونەرییەکانی ئەوان سەردانمان دەکەن و یەک ڕۆژنامەی کشتوکاڵی لە هەموو عێراق هەبێت، بۆیە ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا ئەنجامی هەبێت و بۆ هاوردەی بەرهەم بەقاچاغ ئێمە لێی بەرپرس نین و ئەوەی ڕەوانەی دەکەین هەموو بەرهەمی ناوخۆیە.
بڵند ئیبراهیم




