كاتێك سەیری باكووری عێراق دەكەین
ناسۆحی گۆنگوور
چەندین وەڵامی جوراوجۆر بۆ پرسی " كاتێك كە سەیری باكووری عێراق دەكەین چی دەبینین " هەیە. بەڵام وا بزانم هیچ هەڵە نییە كە ئەگەر دەست بە تەسبیت و دەستنیشان كردنی ئەو شتانە بكەین كە نەمانتوانیوە لە باكووری عێراقدا بیانبینین. ئەم شتانە كە تا ئێستا نەمانبینیون بێگۆمان دوو هندەی ئەو شتانەن كە بینیومانن.
من لەم بابەتەدا باسی بەشێكی باكووری عێراق دەكەم كە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی كوردن و بەڵام توركمان، عەرەب و تا رادەیەكیش مەسیحی تێیادا دژین. هەر چەندە ناكەوێتە سەر ئەو ناوچەیە كە ئەمرۆ ئێمە پێ دەڵێن باكووری عێراق بەڵام لە نزیكی سنوورەكانی پارێزگای مووسڵدایە. هەر یەك لە لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی ئەم ناوچەیە سەبارەت بە باكووری عێراق كێشەیەكی تایبەتی دەردەخاتە پێش. بۆ هەندێك كەس و لایەن بەشێكە لە كوردستانی عێراق و بۆ هەندێكی دیكە ناوچەیەكی توركمانییە و بۆ هەندێكی دیكەیش بەشێكی گچكەی باكووری عێراقە. هەر چەند ئەم پارچانە یا ئەم ناو لێكردنانە راستیشیان نەبێت بەڵام ئەمرۆ چە لە رووی سیاسەتی ناوخۆیی عێراق و چە لە سەر ئاستی سیاسەتی هەرێمی و چە لە سەر ئاستی سیاسەتی جیهانیدا واقێعێك هەیە كە كەس ناتوانێت نكۆڵی لێبكات و ئەویش دەسەڵاتێكی هەرێمی كوردە لە باكووری عێراق.
توركیا بۆ چەندین ساڵ بە هۆی گرێدراو بوونی سیاسەتی دەرەكەی خۆی بە پیوانە كڵاسیكەكان ئامادە نەبوو دان بە هەبوونی ئەم دەسەڵاتەدا بنێت و هەمیشە جەختی لەوە دەكردەوە كە دەبێت ئەم دەسەڵاتە لە ژێر چاودێری و كونترۆڵی حكوومەتی ناوەندیدا بێت و بێجگە لەمەیش هەمیشە پایبەند بوونی خۆی بە یەكپارچەیی خاكی عێراق رادەگەیاند و بە واتایەكی دیكە دەیەویست ئەو هێز و پێگە ئابووری و سیاسییە نوێیە كە لە سەر سنوورەكانی خۆی لە گەورەبوون و بەرفراوان بووندا بوو نەبینێت و هەر وەكو رابردوو لە چوارچێوەی سیاسەتی ناوەندگەراییەوە سەیری مەسەلەكان بكات.
ئەمە بەشێك بوو لە هەڵوێستی سیاسی بەرپرسانی توركیا بەڵام ئایا لە پشت پەردەوە ئەم هەڵوێستە كاری پێدەكرا یا خۆی لە چوارچێوەی ئەم هەڵوێستەدا سیاسەت پەیڕەو دەكرا شتێكی دیكە. ئەگەر كەسێك زەحمەتی ئەوە بكێشێت مێژووی پەیوەندییەكانی باكووری عێراق و توركیا بنووسێت ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە سیاسەتی كرداری هیچ كات وەكو سیاسەتی تێوەری بەرێوە نەچووە. بۆ نموونە سەردەمانێك سوپای توركیا بەوپەڕی هێزی خۆیەوە لە سەر سنوورەكانی عێراق بۆ داگیركردنی باكووری عێراق خۆی خستبوو نێو ئامادەباشی تەواوەوە بەڵام ئەمرۆ دەبینین كە یەكێك لە هاوبەشە سیاسی، ستراتیژی و ئابوورییەكانی توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەسەڵاتی كوردی باكووری عێراقە.
لە لایەكی دیكەوە ئەمرۆ دەسەڵاتی كوردی لە باكووری عێراقدا لە نێو سیاسەتی دەرەوەی توركیا خاوەن جێگا و پێگایەكی سەرەكەیە و توركیا وەكو رابردوو هەڵسووكەوت ناكات، بە پێچەوانەوە بۆ بەهێزتر كردنی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی بەغدا سەرەتا ناچار دەبێت كە لەگەڵ دەسەڵاتی كوردی لە باكووری عێراقدا دانووستان بكات و بیروڕای بەرپرسانی كوردیش وەربگرێت. ئەم مەسەلەیە تەنیا بۆ عێراق نییە بەڵكو بۆ وڵاتانی دیكەی دەراوسێ بە تایبەتی سووریا بارودۆخەكە هەر بەمجۆرەیە. بەهێز بوونی دەسەڵاتی كوردی لە باكووری عێراق و ئاڵۆز بوونی دۆزی كورد لە وڵاتانی دەراوسێدا وای لە توركیا كردووە كە لە سیاسەتی دەرەكی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەبێ گۆڕینەوەی بیروڕا لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی كوردیدا هیچ جۆرە هەنگاوێك نەنێت.
ئاراستەی رووداوە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوخۆیی عێراق بوون بە هۆكاری ئەوەی كە دەسەڵاتی كوردی چە لە سەر ئاستی ناوچە و چە لە سەر ئاستی جیهانیدا ببێتە شوێنێكی سەرنجراكێش هەم بۆ سەرمایەی جیهانی و هەم بۆ سیاسەتی جیهانی. لە ئەنجامی رووكردنی سیاسەت و سەرمایەی جیهانی لە باكووری عێراق، پێگەی باكووری عێراق وەكو رابردوو نەما و بە شێوەیەكی چاوەرواننەكراو بەهێز بوو.
ئەم بەهێز بوونە سەرەتا وامان دەزانی كە زەرەری بۆ توركیا هەیە، بەڵام بۆمان دەركەوت كە وا نییە بە پێچەوانەوە تەنیا یەك زەرەری باكووری عێراق بۆ توركیا هەیە.
مانەوەی پەكەكە لە باكووری عێراق تەنیا زەرەرێكە كە لە لایەن باكووری عێراقەوە روو لە توركیا دەكات. سیاسەتمەدارەكانی ئێمە وا بیردەكەنەوە كە بەرپرسانی كورد لە باكووری عێراق پەكەكە لە دژی توركیا پەروەردە دەكەن و بەكاری دەهێنن. بگرە هەندێك جاریش بۆ ئەوەی مەسەلەی پەكەكە بە یەكجارەكی چارەسەر بكرێت، پێشنیاری ئەوە دەكرا كە پەكەكە لە باكووری عێراقدا تێكەڵی ژیانی كۆمەڵایەتی بكرێت، بەڵام ئەم جۆرە پلانانە سەریان نەگرت هۆكاری سەرنەگرتنی ئەم پلانانەیش ئەوە بوو كە بەوجۆرەی توركیا بیری دەكردەوە باكووری عێراق لە دژی توركیا هاوكاری پێشكەشی پەكەكە ناكات. بە واتایەكی دیكە باكووری عێراق بۆ چارەسەر كردنی پرسی پەكەكە رۆلێكی بێ لایەنی گێڕاوە و ئەم بێ لایەن بوونی باكووری عێراق كاریگەرییەكی ئەوتۆی سەر سیاسەتی دەرەكی توركیا كردووە كە بووەتە هۆكاری تەنگاو بوونی توركیا سەبارەت بە مەسەلەی سووریا و پرسی كورد لە وڵاتە. چوونكە توركیا و باكووری عێراق سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە سووریا پێك نەهاتوونە و پێكهاتنیشیان تۆزێك زەحمەتە و ئەم پێك نەهاتنەیش بووەتە هۆكاری تەنگاو بوونی توركیا.
سەرچاوە: ستار




