هەڵگورد نەجیب: چەكدارانی پەكەكە بوونەتە كێشە بۆ سنوورەكە

سۆران -KDP.info - چەكدارانی پەكەكە لە تەواوی كوردستان لەلایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی توركیاوە دەكرێنە ئامانج، ئەوەش بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی سڤیل و دروستكردنی نائارامی و دڵەڕاوكێ بۆ هاووڵاتیان، چەندان جار داوا كراوە پەكەكە چەكدارەكانی لە ناوچە ئاوەدانییەكان دوور بخاتەوە.
هەڵگورد نەجیب, سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند:" جموجوڵی چەكدارانی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان حاڵەتی نەخوازراوی لێ كەوتووەتەوە، ئەو گوندانەی كەوتوونەتە سەر سنوورەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باجێكی گەورەیان داوە و بوونەتە قوربانیی كێشەی نێوان پەكەكە و وڵاتانی دراوسێ، هیچ حیسابێكیان بۆ ئێمە وەك ئیدارە و خەڵك نەكردووە، هاووڵاتیان بوونەتە قوربانیی چەندین ساڵە".
هەڵگورد نەجیب گوتیشی: "ئاڵۆزییەكان گوازراونەتەوە ناو شارەكان، ڕۆژانە گوێمان لێ دەبێت لە گەرمیان و مەخموور و سلێمانی، چەكدارەكان بەبێ ئەوەی ئاگاداری هێزە ئەمنییەكان بكەن جموجوڵیان هەیە و دەكرێنە ئامانج لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، ئەمەش كێشە و دڵەڕاوكێی بۆ خەڵكی ناوچەكان دروست كردووە، كێشەی بۆ ئێمەش وەك ئیدارە دروست كردووە''.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەوەی دووێنێ شەو ڕووی دا، لە گوندی تاراوەی سەر بە ناحیەی خەلیفان ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكە كرایە ئامانج، بۆ ئێمە و خەڵكی گوندەكە كەشێكی نەخوازراوی دروست كرد و بووە هۆی شڵەژان و دڵەڕاوكێ''.
گوتیشی: "داوا دەكەین ئەم هێزانە بەرژەوەندیی خەڵكی ئەو گوندانە لە بەرچاو بگرن، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی ئێمە و هێزە ئەمنییەکاندایە، كاتێك ئەوان جووڵە دەكەن و چاودێرێ دەكرێن و دەكرێنە ئامانج لە ئەنجامدا كێشە و ئاڵۆزییەكان بۆ ناو سەنتەری شار دێنەوە، هیوا دەكەین لە شوێنێك بوەسێندرێت''.
دەشڵێت: "ئەم حاڵەتە یەكەم جار نییە گومان دروست بكەین، بەردەوامە و هەفتەی پێشوو و هەفتەی پێشوو تریش ڕویان داوە، لە سلێمانی و مەخموور و گەرمیان چاودێری دەكرێن، ئێستا تەكنەلۆژیا هەیە و دەكرێنە ئامانج، ناكرێت شەرحی تری بۆ بكەین، نە پەكەكە دەتوانن ئینكاری بكەن و نە وڵاتەكانیش ئینكاری دەكەن".
عەزیز ڕەسووڵ




