تا هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی پێش 2017 ئەستەمە داعش لە ناوچە کوردستانییەکان کۆنترۆڵ بکرێت

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان گوتی، تاوەکوو هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی پێش 2017، ئەستەمە بتواندرێت داعش لە ناوچە کوردستانییەکان کۆنترۆڵ بکرێت، چونکە داعش جموجۆڵی لەو ناوچانە هەیە کە بۆشاییی ئەمنییە لە نێوان هێزی عێراقی و پێشمەرگە.
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان، دژوار فایق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نمایشی سەربازیی کاتی خۆی داعش نەما و کۆتایی پێ هات و لە هەرێمی کوردستانیش سەرکردایەتیی کورد بەتایبەت سەرۆک بارزانی کە داعش کۆتایی نەهاتووە و شکەستی سەربازیی بەر کەوتووە، بۆیە داعش دوای شەڕ ماوەیەک خۆی بێدەنگ کردبوو، جارێکی دیکە خۆی ڕێک خستەوە و گوزریشی پێ کەوت و کەسی یەکەمیشیان کوژرا، بەڵام لە دیالە تا دەگاتە سووریا دەستیان پێ کردووە و جموجۆلیشیان زیاتر لەو ناوچانەیە کە بۆشاییی ئەمنیان هەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و عێراقدا''.
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت ڕاشیگەیاند: ''هەندێک لایەن بەداخەوە پێیان خۆشە ئەو ناوچانە داعشی لێ بێت و پێشمەرگەی بۆ نەگەڕێتەوە، هۆکاری ئەم جموجۆڵانە، یەکەم ئەو بۆشایییە ئەمنییە و دووەم هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئەو بۆشایییە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەغدا وەکوو پێویست ناهێتە پێشەوە و هۆکارێکی دیکە خەڵکێک لەو ناوچانە هاوکاری داعش دەکەن کە ڕەنگە لەناو ڕیزەکانی هێزە عێراقییەکاندا بن، لە عێراق پرۆسەی سیاسی شکەستی هێناوە و ئەمەش باڵی کێشاوە بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا و لە عێراق هێزە ئەمنی و سەربازییەکان سەرکردایەتییەکی یەکگرتوویان نییە، بەتایبەت ملیشیاکان فەرمان لە سەرکردایەتیی گشتی وەرناگرن و لە لایەنەکانی خۆیان وەردەگرن، ئەمە وای کردووە پلانێکی باش نەبێت کە بۆشاییەکان پڕ بکرێنەوە''.
دژوار فایق گوتیشی: ''ئەو دۆخەی ئێستاش وای کردووە داعش ئەو هەلە بقۆزێتەوە و چاڵاکی ئەنجام بدات و چارەسەریش ئەوەیە عێراق خۆی چارەسەری خۆی بکات و حکوومەت پێک بێنێت و یەک سەرکردایەتیی هەبێت و لەگەڵ هەرێم بۆشاییی ئەمنی پڕ بکرێنەوە و پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ پێش 2017 بۆ ئەو خاڵانەی کە لێی بووە، بۆیە تا بە هەماهەنگی ئەو بۆشایییە پڕ نەکرێتەوە ئەستەمە بتواندرێت کۆنترۆڵی داعش بکرێت''.
گوتیشی: ''ئەمە ڕای سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومەت و سەرۆکی حکوومەتە، پێویستە عێراق بێت هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ پێشمەرگە بکات و هاوکاری پێشمەرگە بێت لەڕووی چەک و تەقەمەنی و پێداویستییەوە، چونکە سەلمێندراوە ئەو ناوچانە بەبێ پێشمەرگە سەقامگیری بە خۆیانەوە نابینن.''
بڵند ئیبراهیم




