"بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن پێویستی بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان هەیە"

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە و ئێستا تەنها لەسەر ئەوە ماوە لایەنەکان لەسەری بگەنە ڕێککەوتن و چاوەڕێ دەکرێت هەڵبژاردن بکەوێتە ساڵی ئایندە.
بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، نیازی حەمە عەزیز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پارتی هەمیشە هەڵوێستی وا بووە هەر هەڵبژاردنێک هاتبێتە پێش بڕوای بە خۆی بووە و ئامادە بووە و ئێستاش لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پەرلەمانی کوردستان پارتی دڵگەرمە هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە کە ناکرێت پارتی هۆکار نییە، چونکە سەرۆک بارزانییش باسی لەوە کرد سبەی هەڵبژاردن بکرێت، پارتی ئامادەیە''.
نیازی حەمە عەزیز گوتیشی: ''ئێستا کارەکە لەسەر ئاستی بەرزی لایەنەکان ماوە بۆ هەڵبژاردن و کاری هیچ دەزگایەکی هەڵبژاردن نەماوە و ئەوان کاری خۆیان کردووە و ئێمەش کاری خۆمان کردووە و ئێستا لەڕووی سیاسییەوە ماوە، چونکە کاری ئێمە تەکنیکییە و بڕیاری سیاسیی پێویستە کە هەڵبژاردن بکرێت، یاخود نا''.
گوتیشی: هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یوئێن بەردەوامە و پارتی هیچ دوودڵ نییە و ئێستاش بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەی لووتکە بکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا، بۆیە کۆبوونەوەکە دەکرێت .
حەمە عەزیز ڕوونیشی کردەوە: چەند هۆکارێک هەن کە هەڵبژاردن نەکراوە؛ کۆمسیۆن ماوەی بەسەر چووە و یاسایەکە تێبینیی لەسەرە و هەندێک لایەن دەیانەوێت دەستکاری بکرێت و ئێمە وەکوو پارتی لە کۆبوونەوەی لایەنەکان ڕای خۆی داوە، بۆیە هەرکاتێک لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن وادەکە دیاری دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ ماوەی کەم ماوە و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، ڕەنگە بەهاری داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت، چونکە کۆمسیۆن بە لایەنی کەمی شەش مانگی پێویستە.
بڵند ئیبراهیم




