پڕۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە بەردەوامە و پڕۆسەکەش زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پڕۆسەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە لە ھەموو پارێزگاکان جگە لە بەغدا بە شێوەیەکی فراوان بەردەوامە و ئەندامانیش بە شێوەیەکی زۆر باش بەشداری لە پڕۆسەکە دەکەن و تا مانگی ١٠ پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و کە کارەکان تەواو بوون ئەوکات دەست دەکرێت بە کارەکانی کۆنگرە.
نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەندامان بۆ کۆنگرە بە شێوەیەکی سروشتی و زۆر باش و ڕێکوپێک بەردەوامە و ھەڤاڵانمان لە ھەموو پارێزگاکان دەنگی خۆیان دەدەن، بۆیە لە ھەموو شوێنەکان پڕۆسەی دەنگدان و ھەڵبژاردن بەردەوامە و تا مانگی ١٠ش پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت ".
نەجات حەسەن گوتیشی: "دەستخۆشی لە ھەموو برایانمان دەکەین کە بەھێمنی و سەردەمیانە دێن دەنگی خۆیان دەدەن و تا ئێستا تووشی ھیچ گرفتێک نەبووین و ڕێژەی بەشداریکردنی ئەندامان بە شێوەیەکی زۆر باشە، سەرەڕای ئەوەی کەشوھەوا گەرمە، ئەوان دێن بەشداری لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەکەن''.
حەسەن ڕوونیشی کردەوە: "ئەوەی ماوە تەنھا لقی بەغدایە لیژنەی بۆ پێک ھاتووە و کارەکانیان تەواو بێت لەوێش دەست بە ھەڵبژاردن دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە''.
ناوبراو گوتیشی: ''دوای تەواوبوونی دەنگدان و ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە و ئامادەکارییەکانی لیژنەکە بڕیار دەدرێت چ ڕۆژێک دەست بە ئیش و کارەکانی کۆنگرە بکرێت''.
بڵند ئیبراھیم




