تێستی كارهبای ٢٤ کاتژمێری لە دھۆک و ھەولێر سەرکەوتوو بووە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، وەکو تێست دەستمان کردووە بە ئەنجامدانی سیستەمێکی نوێ لە ھەولێر و دھۆک بۆ ئەوەی کارەبای نیشتیمانی ببێتە ٢٤ کاتژمێری و تا ئێستا لە دوو شوێن تاقیمان کردۆتەوە و بەردەوامیش دەبین و فراوانتری دەکەین.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا ئێستا دەستمان بە تێستکردن کردووە بۆ ئەوەی سیستەمی کارەبا ببێتە کارت، کە ھاووڵاتیان ٢٤ کاتژمیر کارەبایان ھەبێت، تا ئێستاش لە دھۆک لەناو بازاڕ و لە ھەولێریش لەبازاڕی لەنگە ئەو تێستە کراوە و ٢٤ کاتژمێر کارەبایان ھەیە و سەرکەوتوو بووە".
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە وردە وردە فراوان دەکرێت و چاوەرێی دەرئەنجامەکان دەکەین بزانین ئەگەر سەرکەوتووبێت ئەوە لە ھەموو شوێنەکان و ناوچەکان جێبەجێی دەکەین، بۆ ئەوەی خەڵک بەردەوام کارەبای نیشتیمانی ھەبێت، بەڵام ئەم سیستەمە بەپێی بەکارھێنانی کارەبا بۆی ھەژمار دەکرێت لەڕووی نرخەوە و بەھەمان نرخی ئێستا دەبێت".
ئەحمەد باسی لەوەشکرد: "ھاووڵاتیان لە شوێنی ئەوەی پارەی مۆلیدە و پارەی کارەبای نیشتیمانی بدەن ئەوکات کە ئەو سیستەمە جێبەجێکرا مانگانە یەک جار پارە دەدەن و ئەویش بەپێی بەکارھێنانی کارەبا، چونکە ئامانجی ئێمە لە ئەنجامدانی ئەوکارە ئەوەیە کە کارەبای نیشتیمانی ببێتە ٢٤ کاتژمێری بەردەوام".
ناوبراو گوتیشی: "ئەو شێوازە خۆی وایە ھەرجارە و لەناوچەک جێبەجێ دەکرێت و کارەبای نیشتیمانیان بەھۆی پێوەری زیرەک دەکرێتە بەردەوام تا ھەموو ناوچەکان دەگرێتەوە، ئەوەش لەسەر خواستی ھاووڵاتیانە".
بڵند ئیبراھیم




