١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ وادەی هەڵبژاردنی گشتی لە سوید

سوید -KDP.info- لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرپرسی دێسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازیی کرد لە چالاکوانی سیاسیی کوردی نێو پارتی لیبراڵی سویدی، کاک ئازاد ئەمین، کە لەسەر لیستی لیبراڵەکان بەربژێرە بۆ پەرلەمانی سوید (ڕیکسداگێن) و ئەنجومەنی هەرێمی سکۆنە لە باشوور و هەروا بۆ ئەنجومەنی شارەوانیی ماڵمێ، سێیەم گەورەشاری سوید.
کاک ئازاد ئەمین لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە چووەتە سوید و لە کوردە چالاکەکانی هەرێمی سکۆنە و بەتایبەتی شاری ماڵمێ بووە لە بواری چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و تێکەڵاوی لەگەڵ سویدییەکان و بەشداری و هاندانی ڕەوەندی کوردستانی لە هەرێمی سکۆنە بۆ پاراستنی کەلتوور و زمان و ڕەسەنایەتی و یەکگرتووییی کوردان لە پرسە نێشتمانی و نەتەوەییەکاندا. بە هەمان شێوە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیی بەهێز و دۆستانەی پاراستووە لەگەڵ کاندیدە کوردەکانی تری نێو سەرجەم پارتە سیاسییەکانی سوید.
لە ڕابردوودا پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هەم شاندەکانی پەرلەمانی بۆ کوردستان بانگهێشت کردوون و هەم بەردەوام سەردان و کۆبوونەوەیان لەگەڵدا هەبووە لەنێو پەرلەمانی سویددا و لە خولەکانی ڕابردووشدا سوود لە ئەزموون و چالاکییان وەرگیراوە بۆ ئەوەی زۆرترین پشتگیری بۆ ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد بەگشتی بەدەست بێنن کە گرنگترینیان ناساندنی پرسی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید بووە لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٢ وەک جینۆساید ناسراوە لە پەرلەمانی شاهانەی سوید و لە چەندین وێستگەی تریش پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و کریسیتیانەکان و پێکهاتەکانی تر لەسەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و پێشێڵکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە باشوور، باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەردەوام لە پەرلەمانی سوید ورووژێنراوە و باس کراوە و پشتگیریی سیاسی و هاوکاریی مرۆیی بۆ کوردستان لێ کەوتووەتەوە، کە بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتاری سویدی بە ڕەچەڵەک کورد داینەمۆی سەرەکیی باسکردنی ئەم کەیسانە بوون لەنێو پەرلەمانی شاهانەی سویددا بە هاوکاریی پەرلەمانتارانی سویدی دۆستی کوردستان کە خاوەنی تۆڕێکی دۆستایەتین لە نێوان پەرلەمانتارانی سوید لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. بۆ ئەوەی پێگەی کورد و پەرلەمانتارانی بەڕەچەڵەک کورد لەنێو پەرلەمانی سوید و لەسەر ئاستی هەرێمەکان و شارەوانییەکانی وڵاتی شاهانەی سوید بە بەهێزی بمێنێتەوە و گەشە بکات لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە فراوانی تاوتوێی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەمساڵی سوید کرا و جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیدانی دەنگی دەنگدەرانی کورد لە سوید کرایەوە کە لە ١١ی سێپتەمبەردا وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەنگی خۆیان ڕاستەوخۆ بە بەربژێرە کوردەکان بدەن.
وڵاتی شاهانەی سوید هەرچوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام دەدات، سوید وڵاتێکی دیموکراتی و موئەسەساتییە و هەموو تاکێک ماف و ئازادیی چالاکیی سیاسی و کەلتووریی و چەندین بواری تر هەیە کە لە چوارچێوەی یاسادا ڕێگەپێدراوە.
وڵاتی شاهانەی سوید ڕۆژی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بەرەو هەڵبژاردنێکی گشتی دەچێت لەسەر ئاستی پەرلەمان و ئەنجومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکان. جیا لەو پێشبڕکێ و بانگەشە سیاسییە گەرمەی لە نیوان پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەدا هەیە هەروا کۆمەڵگای کوردستانی نیشتەجێی سوید کە نزیکەی دوو سەد هەزار کەس دەبن و چالاکن لە بواری سیاسی و خۆگونجاندن لەنێو ژینگەی سیاسی و کۆمەڵگای سویددا و خاوەنی دەیان دامەزراوەی تایبەت بە خۆیانن و تا ڕادەیەکی باش توانیویانە لەنێو پارتە سیاسییەکانی سویددا خۆیان بگونجێنن و خاوەن ڕۆڵ و پێگەی دیار بن، هەربۆیە بۆ هەرسێ ئاستی پەرلەمانی سوید (ڕیکسداگێن) و ئەنجومەنی هەرێمەکان و ئەنجومەنی شارەوانییەکان دەیان کورد بەربژێرن بۆ هەڵبژکاردنەکانی ١١ی سێپتەمبەری ئەمساڵ کە زۆرترین کاندیدی کورد لە ڕیزی پارتی سۆسیالدیموکراتی سویدی، پارتی لیبراڵی سویدی، پارتی چەپی سویدی و لەنێو پارتی سەنتەر و مۆدێراتەکان و پارتی دیموکراتی کریستیان چالاکن و کەمترین ڕێژەی کورد و بیانی لە پارتی دیموکراتی سویدی نزیک دەبنەوە کە دژی پەنابەرانن و هەڵگری هزری ڕەگەزپەرستی و جیاکارین لە نێوان سویدی و بیانییەکاندا. بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە هەڵبژاردنەکانی چوار ساڵی ڕابردوودا ئەندامیکی پەرلەمان بەڕەچەڵەک کوردیان لە پەرلەمانی سوید لە فراکسیۆنی ئەم پارتەدا هەبوو.
دەنگی دەنگدەری کورد بەسەر پارتە سیاسییەکانی سویددا دابەش کراوە و ڕەوەندی کوردستانی لە سوید لە ڕووی سیاسی و کەلتووری و لە چەندین بواری تردا لە ڕەوەندە هەرە چالاکەکان هەژمار دەکرێت بەهۆی ئەوەی نەتەوەیەکی بێدەوڵەتن و ژینگەی سیاسی سویدی و چەندین وڵاتی دیموکراتی و پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی لەبارە بۆ ئەوەی ڕۆڵی سیاسیی خۆیانی تێیدا ببینن بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد و کوردستان بە کۆمەڵگای سویدی و ئەورووپی، هەربۆیە بە بەراورد بە چەندین نەتەوەی تر کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆن و بە پشتگیریی سیاسی و دارایی و سپۆنسەریی ڕاستەوخۆی وڵاتەکانیان خۆیان کاندید کردووە، بەڵام ڕێژەی چالاکانی سیاسی و بەربژێرە بەڕەچەڵەک کوردەکان لەنێو لیستی پارتە سیاسییەکانی سویدیدا بەرزترە و تا دێت زۆرترین بەربژێری کورد دەگەنە پەرلەمان و ئەنجومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکانی سوید. لەسەر ئاستی پەرلەمانی سوید شەش پەرلەمانتاری بەڕەچەڵەک کورد لە خوڵی پێشووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە سێپتەمبەری ٢٠١٨ دەرچوون و کە چوار پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی سۆسیالدیموکراتەکان، یەک لە لیبراڵەکان و یەکێکیش لە نێو سویدییە دیموکراتەکان بوون. شایانی باسە یەک ئافرەتی کوردیش بۆ یەکەمین جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سوید بە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا دەرچوو لەسەر لیستی پارتی سۆسیالدیموکراتی فەرمانڕەوای ئەم وڵاتە. بەپێی ئەزموونی سیاسییان چەندین کورد لەسەر ئاستی ئەنجومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکانی سویدی لە خولەکانی پێشوودا ڕۆڵیان هەبووە، پێشبینی دەکرێت لە خوڵی تازەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی سویددا ژمارەیەکی زیاتر لە بەربژێرە بەڕەچەڵەک کوردەکان لە هەرسێ ئاستدا دەربچن. بەپێی بڵاوبوونەوەی دواخشتەی ڕاپرسی لە سۆشیالمیدیای سویددا ڕای گشتی پێی وایە دیاگنۆس و ڕێژەی بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی سویدی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١١ی سێپتەمبەری ئەمساڵ بەم شێوەیە بەسەر پارتە سیاسییەکانی سویددا دابەش دەکرێت:
پارتی سۆسیالدیموکراتی سوید بە ڕێژەی ٣٠،٩٪ دەنگەکان بەدەست دێنێ، پارتی سویدییە دیموکراتەکان ١٩،٤٪، پارتی مۆدێراتی سویدی ١٨،٠٪، پارتی چەپی سویدی ٧،٧٪، پارتی سەنتەری سویدی ٦،٤٪، پارتی لیبراڵی سویدی ٥،٨٪، پارتی سەوزی سویدی ٥،٣٪، پارتی دیموکرات مەسیحی سویدی ٥،٠٪ و لایەنەکانی تر بە ڕێژەی ١،٣ ٪ی دەنگەکان بۆ پارتەکانیان مسۆگەر دەکەن، لە سوید و وڵاتانی تری ئەورووپا بەردەوام ڕێژەی دەنگی پارتە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرست و دژ بە بیانییەکان لە زیادبووندایە.
ئەوەی گرنگە کە دەنگدەری کورد بەهەند وەربگرێت، ئەوەیە کە لە شوێنی ئەوەی دەنگی ڕاستەوخۆ بە پارتێکی سیاسی بدات، گرنگە ئەو دەنگە بە دیاریکراوی بە بەربژێڕێکی کورد بدات لەنێو لیستی پارتێکی سیاسیدا. کە مەزەندە دەکرێت لە هەندێک هەرێم و شارەوانییەکان ئەگەر بەربژێرێک لە بازنەی دەنگداندا لە نێوان ٦٠٠ بۆ ٨٠٠ دەنگ بەدەست بێنێ سەر دەکەوێ بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی هەرێم، یاخود ئەنجومەنی ئەو شارەوانییەی لێی کاندید کراوە، بۆیە پێویستە لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سوید، کۆمیتەی هاوکاریی نێوان پارتە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانی سوید، کۆنفیدراسیۆن ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و کۆمەڵە و ئەنستیتۆ و دامەزراوە کوردییەکان و پەرتووکخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم بەجدی کار بکەن و بەسوودوەرگرتن لە سۆشیالمیدیا و تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەلتووری و سیاسییەکان دەنگدەری کورد لە سوید هۆشیار بکەنەوە کە وەک هەستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەنگی ڕاستەوخۆ بە بەربژێرێکی کورد بدەن، لە هەر پارت و لایەنێکی سیاسی سویدییەوە بێت بەبێ جیاوازیکردن کە ئەم بەربژێرە خەڵکی چ بەشێکی کوردستانە، یان چالاکوانی سیاسیی سەر بە چ پارتێکی سویدییە، بەهۆی ئەم جۆرە بیرکردنەوە و دەنگدانەوە کۆمەڵگای کوردستانی لە سوید دەتوانن ژمارەیەکی یەکجار زۆر کاندید هەڵبژێرن کە لە پەرلەمانی سوید و ئەنجومەنی هەرێمەکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان دەربچن و باشتر و بەهێزتر پێگەی خۆیان لەنێو ژینگەی سیاسیی سویدی دا بپارێزن.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی تێکۆشان و سەرکەوتنەکانی کورد لە شەڕی تیرۆر و پێشکەوتن لە بواری دیپلۆماسی و مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان و لێبووردەیی و دیمۆکراسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و فراوانبوونی چالاکیی و پشتگیری نێودەوڵەتی و جیهانی بۆ دۆزی کورد و ئەزموونی سیاسی و دیپلۆماسی و گەشەپێدانی کەلتووری پێکەوەژیان و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و چەندین فاکتەری ترەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەت و پیاو و گەنجی کوردستانی کە بە چالاکوانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئەکادێمی و چالاکوانی بواری هاوکاریی مرۆیی و ژینگەپارێزی و مافەکانی مەدەنی و مرۆڤی ناسراوون لە ڕێزی پارتە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکانی ئەورووپی و سویدی دەبینرێن کە لە بواری سیاسی و لۆبیگەری و چالاکیی مەدەنی و ئاشتیخوازانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن. بۆ ئەوەی ئەم توێژە سەرکەوتوو و بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان و بۆ پشتگەرمی و پشتیوانیکردن دەنگدەری کورد هاندەریان بێت، پێویستە کۆمەڵگای کوردستانی لە دیاسپۆرا بە ژیری و یەکگرتوویی هەڵسوکەوت بکات و لە هەموو هەڵبژاردنە گشتییەکانی لە وڵاتانی دەرەوە ماف و دەنگی خۆیان بەکار بێنن بۆ ئەوەی پێگەی گرنگی خۆیان لە ژینگەی سیاسیی وڵاتانی دەرەوە بپارێزن و پێگە و ناوبانگێکی شایستەیان هەبێت لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا، دەبێت هەوڵ بدرێت یەکگرتوو و خاوەنی یەک گوتار بن و بە دەنگدانی خۆیان بە بەربژێرە کوردەکان ڕێژەی دەرچوواندنی کاندیدەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە کە زۆرترین بەربژێری بەڕەچەڵەک کورد کە کاندیدی پارتە سیاسییەکانن بگەنە پەرلەمان و ئەنجومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکان بۆ ئەوەی لەم پێگەیەوە دەنگی کپکراوی نەتەوەیەکەیان و ئەو جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزییە و نادادپەروەری و پێشێڵکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بەربەستەکانی بەردەم ئازادی و ئاشتی و پێشکەوتنی کە بەرامبەر بە تاک و کۆمەڵگای کوردستانی پەیڕەو دەکرێت بگەیەننە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی وڵاتان و دامەزراوە بڕیاربەدەستەکان و ڕێكخراو و ناوەندە گرنگە نێودەوڵەتییەکان و پرسی کورد وەک پرسێکی زیندوو بمێنێتەوە و گەشە بکات و لەم ڕێگەیەشەوە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین پشتگیری و هاوسۆزی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا باشتر بناسرێت.




