سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: کۆبوونەوەی لوتکە بەڕێودەچێت

ههولێر-KDP.info- رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دووپاتیکردوە، یاسای پەیوەندیدار بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری هەمیشەیی کوردستان، کاری لەپێشینەی ئەم وەرزەی یاسادانان دەبێت.
ئەمڕۆ دانیشتنی ژمارە یەکی ئاسایی خولی پاییزەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. کەمتر لە دوو مانگ، تەمەنی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان ماوە، بەڵام تا ئێستا لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر یاسای پەیوەندیدار بەو پرسە، رێکنەکەوتوون.
رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمان، لە گوتاری دەستپێکی خولی پاییزە، دووپاتیکردەوە کە یاساکانی پەیوەندیدار بە کۆمسیۆن و هەڵبژاردن و ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری هەمیشەی کوردستان، کاری لەپێشینەیان دەبێت.
بەپێی قسەی سەرۆکی پەرلەمان، لە چەند رۆژی داهاتوودا، کۆبوونەوەی لوتکەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێودەچێت. ئەو، داوای لەو هێزانە کرد، لەسەر پرسەکانی تایبەت بە دەستوور و هەڵبژاردن رێکبکەون و رۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکەن.
رێواز فایق، پێیوایە، "ئەرکی هەموو لایەک و پەرلەمانی کوردستانیشە کە هێز و لایانە سیاسییەکان لەیەک نزیکبکەنەوە.
سەرۆکی پەرلەمان گوتی: پێویستە رێکارەیاساییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بگیرێنەبەر و لە نزیکترین کاتدا، هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
دەبوایە رۆژی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنکەوتنی لایەنە سیاسییەکان، ناتواندرێ لەو رێکەوتەدا پرۆسەکە بەڕێوەبچێت.
ڕامان وریا




