٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاکسیۆنی زەرد: لە وەرزی نویێ یاسادانان کۆمەڵێک پڕۆژە یاسای گرنگ کاری لەسەر دەکرێت و پەسەند دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی فڕاکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، لە وەرزی نوێی یاسادانان کۆمەڵێک پڕۆژە یاسای گرنگ ئامادەکراون خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و پەسەند بکرێن، ھاوکات لیژنەی نوسینەوەی دەستووریش کارا دەکرێتەوە و ئێمەش وەکو فڕاکسیۆنی زەرد داکۆکی لە ھەموو ئەو پڕۆژە یاسایانە دەکەین کە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەن.

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی فڕاکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەو پێیەی لە پەرلەمانی کوردستان دوو وەرزی یاسادانان ھەیە وەرزی بەھارە کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو کۆتایی پێھاتووە و سبەی وەرزی یاسادانانی پایزە دەستپێدەکات و تاوەکو ٣١ی١٢ی٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت، بێگومان لە وەرزی نوێ کۆمەڵێک پڕۆژە یاسای گرنگ ئامادەکراون و راپۆرتی لیژنەی پەیوەندیداری لە بارەوە ئامادەکراوە تا خوێندنەوەی دووەم و پەسەند بکرێت، لەوانە پڕۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی کە بۆ کۆمەڵگای ئێمە لە بارودۆخی ئێستا زۆر پێویستە و پڕۆژە یاسای پەروەردە کە زیاتر رەوشی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان بەرەو پێشدەبات و پڕۆژە یاسای موڵکەکانی وەقف کە ھەموار دەکرێتەوە و پڕۆژە یاسای کار کە کاریگەری ھەیە بۆ دۆزینەوەی ھەلیکار بۆ خەڵک کە ئەمانە بۆ ھەرێم لەم دۆخە زۆر گرنگە".

وەیسی سەعید وەیسی گوتیشی: "جگە لەوەش بەرنامە ھەیە لەم وەرزە پەرلەمانی کوردستان لیژنەی نوسینەوەی دەستوور کارا بکرێتەوە کە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان دەستووری نیە، بۆیە کار دەکرێت بۆ نووسینەوەی دەستوور کە ببێتە مایەی رەزامەندی ھەموو لایەنەکان و پێویستی بە کۆدەنگی ھەیە، چونکە رەھەندێکی نیشتیمانی ھەیە بۆیە پێویست دەکات ھەم لیژنە کارابکرێتەوە و چۆنیەتی ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستوور کاری لەسەر بکرێت کە ئەوەش خراوەتە بەرنامەی کار و ھەفتەی رابردووش کۆبوونەوەیەک کرا و ھەمووان کۆکن لەم وەرزی یاسادانان لیژنەی نووسینەوەی دەستوور کارابکرێتەوە و لە ئایندەدا ھەرێم ببێتە خاوەن دەستوور".

ناوبراو وتیشی: "ئێمە وەکو فڕاکسیۆنی زەرد ھەر پرسێکی نیشتیمانی ھەبێت پشتیوانی و پاڵپشتین کە خزمەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات و ھەوڵدەدەین داکۆکی لەو پڕۆژە یاسایانە بکەین کە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەن".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار