مەسروور بارزانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە

ههولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پەیوەندی بە مستەفا کازمییەوە کردووە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری عێراق دەربڕیووە.
مەسروور بارزانی لە تویتێکدا نووسیویەتی: "زۆر نیگەرانم لە گەڕێکی دیکەی توندوتیژییەکان لە عێراق پەیوەندیم بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە، بۆ دەربڕینی ئامادەیی هەرێمی کوردستان لەپێناو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق".
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: "ئێستا کاتی گفتوگۆیەکی کراوە و راشکاوانەیە، سەبارەت بەو کێشە قووڵانەی رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، پێویستە هەموومان ئەو بوێرییەمان تێدابێت، کە دان بە جیاوازییەکانی یەکتردا بنێین. ئەو بارودۆخەی تێیکەوتووین پێویستی بە چارەسەرێکی ریشەییە".




