دەستەی ئاماری ھەرێم: حکوومەتی عێراق لەخۆیەوە ئامار لەبارەی ھەرێمەوە بڵاو دەکاتهوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەو ئامارانەی حکوومەتی عێراق بڵاویان دەکاتەوە لەخۆیانەوە رێژە دیاری دەکەن و ئامار بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئێمە خۆمان رووپێوێکی مەیدانیمان کردووە و بڕیارە مانگی داھاتوو بڵاوی بکەینەوە، ئەوکات دیار دەبێت کە رێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان چەندە، چونکە لەدوای ٢٠١٨وە ھیچ رووپێوێکمان نەکردووە و ئەوەی ئێستا رووپێوێکی تازەیە و بەشێوەی مەیدانی ئەنجامدراوە.
سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، سیروان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق ئەو ئامارانەی بڵاویان دەکاتەوە لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە لەخۆیانەوە رێژەکان دیاری دەکەن و ئێمە ھێشتا ئاماری خۆمان بڵاونەکردۆتەوە و رووپێوێکی مەیدانیمان لەبارەی کار و بێکاری لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و مانگی داھاتوو بڵاوی دەکەینەوە، ئەوکات دیار دەبێت کە رێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان چەندە، چونکە لە ٢٠١٨وە ھیچ رووپێوێک نەکراوە، کە ئەوکات ٩% بوو بەڵام ئێستا ئامارێکی نوێ بڵاودەکەینەوە".
سیروان محەمەد گوتیشی: "ئێستا ئەگەر دیاریش بێت ئێمە تا ڕاپۆرتی خۆمان بڵاو نەکەینەوە باس ناکەین، چونکە دەمانەوێت بەفەرمیی بڵاوی بکەینەوە، ناوبراو باسی لەوەشکرد، جگە لەوەش بڕیارە رووپێوێکی خێزانی فراوان بە ھاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و بانکی نێودەوڵەتی لە ١٥ی١٠ی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، کە چەندین بواری جیاجیا لەخۆ دەگرێت، بۆیە پێویستە ئەو ئامارانەی بڵاو دەکرێنەوە وردبن، نەک ئەوەی حکوومەتی عێراق لەخۆیانەوە بڵاوی بکەنەوە".
بڵند ئیبراھیم




