عەبدوڵڵا ئاکرەیی: حکوومەتی ھەرێم و ئێران رەزامەندیان داوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران بڕیاریانداوە مەرزێکی نوێ لە نێوان ھەولێر و ئێران بکرێتەوە لەسنووری سیدەکان، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا ئامادەکاری بۆ کردنەوەی ئەو خاڵە سنووریە دەکرێت، کە سودێکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە و زیادبوونی جوڵەی بازرگانی دەبێت.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارێزگاری ئورمیە یەکێکە لەو پارێزگارانەی کە پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ھەیە و گرنگی زۆری پێدەدات، بۆیە دەیەوێت ھەر گرفتێک لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران ھەبێت چارەسەر بکرێت و ھەموو ئاسانکاری بۆ ھاتووچۆکردن بکرێت، بۆیە ئێستا ئەو خاڵە سنووریە زۆر کارایە ئەوەش بەھەوڵی ھەردوو پارێزگاری ھەولێر و ئورمییە".
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "ئێستا کار دەکرێت کە خاڵێکی دیکەی سنووری لەسنووری ھەولێر بکرێتەوە لەگەڵ ئێران لەسنووری سیدەکان کە لە شاری شنۆ دەستپێدەکات تا دەگاتە دیانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمەش سودێکی زۆری ھەیە بۆ خەڵکی سیدەکان کە ھەلێکی زۆری کار دەرەخسێت و خەڵکێکی زۆر دەکەوێتە کار، بۆیە کردنەوەی ئەو مەرزە زۆر گرنگە و حکوومەتی ھەرێم و ئێران رەزامەندیان داوە و تەنھا ماوە رێکارەکان تەواوبکرێن و رابگەیندرێت و مەرزەکە بکرێتەوە".
ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: "ئامادەکاری بەردەوامی بۆ دەکرێت و ئەو سنوورە دەکرێتەوە لەنێوان ھەرێم و ئێران، بۆیە ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە جوڵەی بازرگانیش زۆر زیاتر بێت".
بڵند ئیبراھیم




