کار دەکرێت بۆ ئەوەی رێژەی کارکردنی ئافرەت لە کەرتی تایبەت زیاد بکرێت

هەولێر_KDP.info_ ئەمینداری یەکێتی ژورەکانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دەڵێ، کار دەکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتری کار بۆ ئافرەتان لە کەرتی تایبەت برەخسێت.
شڤان عەبدوڵرەحمان ، ئەمینداری یەکێتی ژورەکانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئێمە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کۆبووینەوە لەبارە ئەوەی کە کار ئاسانی بۆ ئافرەتان بکرێت بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بۆ ئافرەتان زیادبکرێت، ئێمەش کۆمەڵێک راوسەرنج وتێبینی مان هەبوو پێشکەشمان کرد، چونکە پێیان وایە پێویستە رێژەکە زیاد بکرێت، بۆیە دەیانەوێت لەگەڵ حکوومەت و رێکخراوەکانی ئافرەتان و ئەنجومەنی باڵای خانمان کۆببنەوە بۆ ئەوەی رێژەکە زیاد بکرێت، چونکە ئەوان مەسحێکی بازاریان کردووە و دەبینن رێژەی ئافرەت کەمە.
شڤان عەبدولرەحمان گوتیشی، مەبەستی ئەوان ئەوەیە ئافرەت لە هەموو بوارەکانی لە کەرتی تایبەت کار بکەن و بزانن کێشەیان چیە و رێژەی دەستدرێژی چەندە کە لە وڵاتانیش هەیە و ئەو رێژەیە لە کوردستان بۆتە هۆکاری ئەوە لەکەرتی تایبەت کارنەکەن یاخود هۆکار چیە کە کەم کار دەکەن لەکەرتی تایبەت.
عەبدولرەحمان ڕوونیشی کردەوە ، ئێمە کۆمەڵێک کارمان کردووە لەساڵی 2012 تائێستا وزۆر بابەت هەیە وەک پێشنیار لەگەڵ حکومەت و کەرتی تایبەت باسمان کردووە، بۆ ئەوەی بتواندرێت رێژەی ئافرەت زیاد بکرێت ،بۆیە سەردانی ئێمەیان کرد کە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین و تێبینیەکانی ئێمەیان پێ باش بوو، بۆ نموونە هەوڵبدرێت ئەو ئافرەتانەی خاوەن پڕۆژەی خۆیانن رێژەی باج بەراورد لەگەڵ پیاو کەمتریان لێ وەربگیرێت و ئەگەر مۆڵەتی پێویست بوو بۆ کەرتی تایبەت پێویستی بە رسومات هەیە 50%لێیان خۆش بن، بۆیە کۆمەڵێک پاکێجمان پێشکەش کردووە بەهەماهەنگی لەگەڵ بانکی عێراقی و بانکەکانی هەرێم و هەوڵبدرێت ئەگەر قەرزێکی کەمیش بێت بدرێتە ئافرەت بۆ ئەوەی رێژەی ئافرەت زیاد بێت لە کەرتی تایبەت.
بڵند ئیبراهیم




