شاخەوان عەبدوڵڵا: "پارتی لەگەڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە ئەگەر بەرچاو روونی ھەبێت"

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی ئاشکرایکرد، پارتی لە گەل ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە عێراق ئەگەر بێت و بەرچاو روونی ھەبێت و دەڵێ، دەبێت بزانین ھەڵبژاردن بۆچی دەکرێت و ئەنجامەکەی چی دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" ئێمە پابەندین بە ڕاگەیاندراوی بارەگای بارزانی و مەکتەبی سیاسی، ئێمە لە گەل ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەین لە عێراق، بەڵام دەبێت پێش ھەڵبژاردن بەرچاو روونییەک ھەبێت، کە ئایا ئەم ھەڵبژاردنە بۆچی دەکرێت و ئەنجامەکەی چۆن دەبێت، ئەگەر بێت و ھەمان ئەنجامی ھەڵبژاردنی ساڵی رابردووی ھەبێت چی دەبێت.
ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دەشڵێت" پێموایە ئەگەر بێت و بە ھەمان یاسا و شێواز ھەڵبژاردن لە عێراق بکرێت ھەمان ئەنجام دەبێتەوە، ئامانج لە ھەڵبژاردنی پێشوەخت چارەسەرکردنی کێشەیەکە، ئێمە دیسان دەڵێین لە گەڵ ھەڵبژاردنین، بەڵام دەبێت بزانین ھەڵبژاردن لە پێناو چی و بۆچی بەڕێوە دەبەین.
لە بارەی گەرەنتی بە دانپێدان بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ئەگەر بێت و دووبارە بکرێنەوە شاخەوان عەبدوڵڵا روونی کردەوە" پێویستە رێکەوتنێکی پێشوەختە ھەبێت بۆ دانپێدان بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.
قائید میرۆ




