٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەبارەی نەوتی ماڵان کۆدەبێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

بڕیارە حەفتەی دابێ لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و جێگری سەرۆکی لیژنەکەیش دەڵێ، یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەکە تایبەت بە پرسی نەوتی سپی ماڵان دەبێت بۆ وەرزی زستان .


گوڵیزار رەشید سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی راگەیاند، بڕیارە حەفتەی دابێ لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرۆسەی نەوتی ماڵان کۆببێتەوە و تێیدا یاداشتێک ئاراستەی حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین پلانی حکوومەت بۆ ئەمساڵ چیدەبێت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی، بەتایبەتی لە ئێستادا بەرەو وەرزی پایز دەچین.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" ئەمساڵ بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان نرخی نەوتی سپیش لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆەتەوە ئەمەیش کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان دەبێت، کە پێویستە حکوومەت پلانی ھەبێت بۆ ئەوەی بارگرانی نەکەوێتە سەر ھاوڵاتیان.


گوڵیزار سندی دەشڵێت" ساڵی رابردوو رێککەوتن ھەبوو لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدڕاڵ بەسێ قۆناغ هەر قۆناغێک پەنجا ملیۆن لیتر نەوتی سپی بداتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە تا سەرەتای مانگی شوبات بەغدا تەنها١٠ ملیۆن لیتری رەوانەکرد و دواتر پابەند نەبو، حکوومەتی بەغدا نەوت بە نرخی پالپشتیکراو لەسەر هاولاتیانی خۆی دابەش دەکات، کەچی ئامادەنەبو بە شێوەی بازرگانیش بیداتە هەرێمی کورستان. ئێمە دەمانەوێ بزانین حکوومەتی ھەرێم لەگەل فیدڕاڵ ئەمساڵ چیدەکات بۆ دابینکردنی نەوتی سپی.
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار